پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێک لە لوبنان دەگەڕێنێتەوە و دەستگیری دەکات

تۆمەتباری دزینی 160 ملیۆن دیناری عێراقی
تۆمەتباری دزینی 160 ملیۆن دیناری عێراقی

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە پیلانێکی تۆکمە ئەو گەنجەیان لە وڵاتی لوبنانەوە گەڕاندەوە هەولێر کە 106 ملیۆن دیناری عێراقی لە ماڵی خوشکەکەی دزیبوو.

لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ گەنجێک کە خەڵکی دهۆکە بەسەردان دەچێتە ماڵی خوشکەکەی لە هەولێر و بڕی 106 ملیۆن دیناری عێراقی دەدزێت و هەر هەمان ڕۆژ لە فڕۆکەخانەی بەغداوە دەچێتە لوبنان و بەشێکی زۆری پارەکە لەوێ خەرج دەکات. دوای ئەوەی زاواکەیان سکاڵا تۆمار دەکات، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دوای دوو ڕۆژ، گەنجەکە دەگەڕێننەوە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیری دەکەن، گەنجەکە دەڵێت: زۆر پەشیمانم و لەگەڵ ماڵەوە کێشەم هەبوو ئەو تاوانەم کرد.

ئەو تۆمەتبارە خەڵکی دهۆکە و تەمەنی 27 ساڵانە ، ماڵی خوشکەکەی لە هەولێرە و بەسەردان چووەتە ماڵیان، کاتێک پارەکە دەبینێت لەناو چەکمەجە دەیدزێت و پارەکە لە لوبنان خەرج دەکات.

19ـی مانگی تەممووز  گەنجێک لە شاری هەولێر  کاتژمێر دووی شەو دەچێتە ماڵی خوشکەکەی و بڕی 106 ملیۆن دینار ی عێراقی دەدزێت، دوای دزینی پارەکە دەچێتە بەغدا و لەوێوە دەچێتە لوبنان دەکات، ئەو پارەی لەماڵی خوشکەکەی دزی بووی، لەو گەشتە خەرج دەکات، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن زاواکەیەوە، دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە پلانێکی تۆکمە، لە 23ـی تەممووز گەنجەکە دەگەڕێننەوە شاری هەولێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستگیری دەکەن و دان بە تاوانەکەیدا دەنێت.

تۆمەتبارەکە دەڵێت: من پلانم بۆ چوونە ماڵی خوشکم دانەنابوو، چونکە زوو زوو دەچمە ماڵیان. پارەم لەنێو چەکمەچەکەیان دیت، هەندێ کێشەم هەبوو لەگەڵیان، کە پارەکەم برد، کاتژمێر پێنجی بەیانی چوومە بەغدا و لەوێوە چوومە لوبنان، دوای دوو ڕۆژ پەشیمان بوومەوە و گەڕامەوە هەولێر، لە هەولێر دەستگیر کرام، پەشیمانم لەوەی کردم.

ئەو کەسەی پارە لە ماڵەکەی دزراوە، ئەندازیارە و باری دارایی باشە، ئەو سوپاسی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەکات بۆ ‌هێنانەوەی تۆمەتبار بەشێوەیەکی خێرا.

دادخوازەکە گوتی: پێنجشەممە لەسەر هەینی کاتژمێر دووی شەو خزمێکم هاتە ماڵمان، نزیکە چواری بەیانی بینیم نە خزمەکە و نە پارەکەم ماوە، سوپاسی پۆلیسی دەکەم کە لە زووترین کات دەستگیریان کرد.

پۆلیسی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتیان دەکاتەوە چاوکراوەتر بن و لەکاتی هەرکێشەیەک سکاڵایان لا تۆمار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتیان.

هێزە ئەمنییەکان لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان، بەردەوامن لە سزادان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تاوان دەکەن و کاری نایاسای دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئارامی و سەقامگیریی هەولێر و متمانەی خەڵک بە هێزە ئەمنییەکان.