به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ نائاماده‌یی په‌رله‌مانی عێراق له‌ پرسه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كان تاوتوێ ده‌كات

له‌ كاتێكدا ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ بارودۆخێكی هه‌ستیار و ئاڵۆزدا تێ ده‌په‌ڕێت كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت عێراقیش له‌سه‌ر ئاستی نافه‌رمیدا له‌و بارودۆخه‌ بگلێت، به‌ڵام په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا چه‌ند دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كردووه‌ و له‌ بری چه‌ندان ئه‌ركی سه‌ره‌كیدا، هه‌موو خه‌می بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی یاسای په‌یوه‌ستبوونی عێراق به‌ ڕێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆنی زه‌یتوون! بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئەم هه‌ڵوێسته‌ی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه‌ له‌ لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د، له‌ كوردستان24ـوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، میوانداریی هه‌ر یه‌ك له‌ وائیل حازم، شرۆڤه‌كاری سیاسی و یاسر لامی، ئه‌ندامی ڕه‌وتی حیكمه‌ی كردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تادا یاسر لامی، ئه‌ندامی ڕه‌وتی حیكمه گوتی: په‌رله‌مانی عێراق له‌م بارودۆخه‌ و له‌ناو ئه‌م پێشهاته‌ ئاڵۆزه‌دا، كه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر عێراقیش هه‌یه‌، كه‌وتووه‌ته‌ ناو بۆشاییه‌كی یاسایی و تا ئێسته‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێت.

یاسر لامی باسی له‌وه‌ش كرد "نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی په‌ك خستووه‌ و ڕۆڵی په‌رله‌مانی له‌ پرسه‌ گرنگه‌كاندا لاواز كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌بووایه‌، یاسایه‌كی ده‌رده‌كرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ عێراق".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ڕه‌وتی حیكمه‌ باسی له‌وه‌ش كرد "نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێنایه‌كی نه‌رێنی به‌ عێراق داوه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی له‌ ئاست پرسه‌كاندا لاواز كردووه‌".

له‌ لای خۆیه‌وه‌ وائیل حازم، شرۆڤه‌كاری سیاسی هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد "نه‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ خزمه‌تێك به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ناكات، بۆ نموونه‌ په‌رله‌مان له‌ بری تاوتوێكردنی هه‌موو پرسه‌ هه‌ستیار و گرنگه‌كان، باسی ڕۆنی زه‌یتوون و پرسه‌ لاوه‌كانی دیكه‌ ده‌كات!"

وائیل حازم گوتیشی: ئه‌م دۆخه‌ی په‌رله‌مانی عێراق تێی كه‌وتووه‌، له‌ یه‌ك كاتدا دۆخێكی گریاناوی و پێكه‌نیناوییه‌ و مایه‌ی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌، نه‌خاسمه‌ كه‌ ولات له‌ دۆخێكی ناسه‌قامگیردایه‌، كه‌چی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ تاوتوێی پرسێك ده‌كات، مانایه‌كی لۆژیكی نییه‌.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا "په‌رله‌مانی عێراق له‌ دۆڵێكه‌ و پرسه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و ناوچه‌كه‌یش له‌ دۆڵێكی دیكه‌دان، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه‌ زه‌وی و ئاسمانی وڵات له‌ ده‌ستدرێژی و ده‌ستوه‌ردانه‌كان بپارێزێت".