ماتیو میللەر: پێویستە عێراق ڕێگریی لە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی بکات

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن و پێویستە حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان بکات.

چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە عێراق ڕێگریی لە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی بکات و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد "لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدا بووینە، حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی دەست پێ کردووە و چەند گومانلێکراوێک کە پەیوەندییان بە هێرشەکە هەبووە دەستگیر کراون و ئەمەش ئەو کارە گونجاوەیە کە دەبێت بیکەن".

ناوبراو گوتیشی: لە هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق، گوتمان ئەو سەربازانە لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن و پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لەو هێرشانە بکات.

کاتژمێر 9:00ـی شەوی 5ـی ئابی 2024، هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە بەشێک لە ڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێیدا نیشتەجێن.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش ڕایگەیاند "ژماره‌یه‌ك سه‌ربازیان له‌ ئه‌نجامی هێرشەکەدا ئەو بریندار بوون".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندووە "هێرشەکە لەقەزای حەدیسەوە کراوە و هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیان بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری کیادا گرتووە، کە لەکۆی 10 مووشەک هەشتیان لەناو بارهەڵگرەکەدا مابوون ئامادەکرابوون بۆ هاوێشتن، بەڵام لەلایەن ئەندازیارانەوە هەڵوەشێنرانەوە".