عەبدوڵڵا مەلا سەعید: هەر هەنگاوێک زیان بە پێکەوەژیان بگەیەنێت هەوڵ دەدەین چارەی بکەین
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی ڕایگەیاند "ئێمە وەکو یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، هەموو کاتێک هەوڵی پتەوکردن و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەدەین، بەهەموو شێوەیەک کاردەکەین بۆ ئەوەی برایەتی و تەبایی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان پتەوتر بێت".
مامۆستا عهبدوڵڵا مەلا سهعید وهیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە وەکو یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، هەموو کاتێک هەوڵی پتەوکردن و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەدەین. هەروەها خەممان ئارامی کوردستانە، بەهەموو شێوەیەک کاردەکەین بۆ ئەوەی برایەتی و تەبایی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان پتەوتر بێت".
گوتیشی: "لەساڵی 2014 کەداعش ئەو کارەساتەیان بەسەر ئێزدییەکان هێنا، ئەو کاتیش پەیاممان هەبوو کە داعش نوێنەرایەتیی موسڵمانان ناکات، هەروەها ئیدانەی ئەو بێڕێزییەمان کرد کە داعش بەرامبەر پێکهاتەکان کردیان".
عهبدوڵڵا مەلا سهعیدئاماژەی بەوەش کرد، دووپاتی دەکەینەوە هەر هەنگاوێک زیان بە پێکەوەژیان بگەیەنێت، یان هەر ئاینێک ناڕەحەت بکات بەتایبەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، ئێمە هەوڵ دەدەین چارەی بکەین.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی جەختیشی کردەوە، ئەگەر کەسێک لەناو ئاینێک بێڕێزییەکی کرد، ئەوە پەیڕەوانی ئەو ئاینە هاوبەشی ئەو کردەوەیە نین بەڵکو ئاینەکان بەتەبایی لەگەڵ یەک ژیاون، هەروەها بەدرێژایی مێژوو موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی لەسەر ئەوخاکە لەگەڵ ژیاون و پێویستیشە لەسەر هەمان شێوە بەردەوام بن.
بابە شێخی ئێزیدییەکان لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ئاینی ئێمە دا هەندێک شتە هەیە پیرۆزە، ڕێزگرتن لە ئاینەکان یەکێکە لە پیرۆزییەکان لای ئێمەی ئێزیدی".
ڕوونیشی کردەوە، "یەکێکی دیکە لە پیرۆزییەکانی ئێمە ئەوەیە ئەگەر دراوسێکەمان ئێزیدی نەبوو، ئێمە نابێت خراپەی بەرامبەر بکەین، هەتاوەکا نابێت گوێ لە قسە و نهێنییەکانیان بگرین تاوەکو گوناهبار نەبین".
ڕۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان ڕایانگەیاندبوو، بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لە شنگال، بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان (محەممەد - دروودی خوای لەسەر بێت) گوتوویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەک ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.
هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان ئاماژەیان بەوەکردبوو، ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نییە، لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کە ھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.