کشتوکاڵی دهۆک: بەرهەمی شووتی زیاتر لە 21 هەزار تۆنە

وێنەی بەرهەمی شووتی "ئەرشیف"
وێنەی بەرهەمی شووتی "ئەرشیف"

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک و دەورووبەری شەش هەزار و 98 دۆنم زەوی بە شووتی داچێنراوە و بەرهەمەکەشی زیاتر لە 21 هەزار تۆنە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک و دەورووبەری شەش هەزار و 98 دۆنم زەوی بە شووتی داچێنراوە.

ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەر دەڵێت: بۆ ئەمساڵ، بەرهەمی شووتی دەگاتە 21 هەزار و 343 تۆن، لەو ڕێژەیە بەرهەمی ناوخۆی پڕکردووەتەوە، بۆیە نۆ هەزار و 949 تۆن، لەو بەرهەمە هەناردەی ناوەڕاست و خواری عێراق دەکرێت، ئەوەش بەهۆی بە پیتی و فراوانی خاكی دهۆک و شێخان و دەورووبەری و کەشوهەوای لەباریەوە شوتیی زوو پێدەگات.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ 25ـی تەمموز، واتە لە حەوت مانگی ڕابردوودا، 129 هەزار و 647 تۆن، بەرهەمی ناوخۆی پارێزگای دهۆک، هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە.

زۆربوونی ڕێژەی هەناردە، بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاران زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن، ئەو بەرهەمانەی زۆرترین خواستیان لەسەر بووە ئەمساڵ بریتین لە؛ پەتاتە، تەماتە، پیاز، خەیار و شووتی، جگە لەوانەش بەرهەمەکانی دیکەی وەک؛ گێلاس، سێو، خۆخ و کاڵەک هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراون.

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی، 10هەزار و 838 دۆنم زەوی بە تەماتە داچێنراوە، خەیار 8 هەزار و 941 دۆنم، باینجان هەزار و 296 دۆنم، پەتاتە 37 هەزار و333 دۆنم، کاڵەک 12 هەزار و 722 دۆنم، شووتی شەش هەزار و 98 دۆنم، پیاز هەشت هەزار و 755دۆنم، هەزار و 817 دۆنم و لۆبیا هەزار و 860 دۆنمن.