یەحیا محەممەداوی: فراکسیۆنەکان دەست له‌ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان وەردەدەن

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

هێزه‌ سوننه‌كان سه‌پاندنی یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هێزه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گشت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كراون، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، ڕێز له‌ ڕێگه‌چاره‌ی یاسایی بۆ مانه‌وه‌ی كاندیده‌كانیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاران سه‌رپشكن له‌وه‌ی ده‌نگ به‌چ كاندیدێك ده‌ده‌ن. پارتی ته‌قه‌دوومیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ڕێز له‌ هه‌وڵی لایه‌نی دیكه‌ له‌ چارە كردنی كێشه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌گرین، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پۆسته‌كه‌ پشكی پارته‌كه‌یانه ‌و ده‌ستبه‌رداری نابن.

دوای نۆ مانگ له‌ ململانێی سوننه‌كان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی سیاده‌، عه‌زم و حه‌سم داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ده‌كه‌ن، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گشت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كراون، ڕێز له‌ ڕێگه‌چاره‌ی یاسایی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مانه‌وه‌ی كاندیده‌كانیان بگرن، كه‌ به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و بڕیاری دادگای فیدراڵی، كاندیده‌كانی سەرۆکی پەرلەمان بهێڵنەوە، كه‌ ئەوانیش؛ مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوین. ئه‌وكات په‌رله‌مانتاران سه‌رپشكن ده‌نگ به‌چ كاندیدێك ده‌ده‌ن و هه‌ڵیده‌بژێرن. بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن ڕێز لە ڕای زۆرینەی سووننەکان بگیرێت و بەزووی دۆسیەی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.

له‌باره‌ی هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان، یه‌حیا محەممه‌داوی، گوته‌بێژی فراكسیۆنی ته‌قه‌دووم ڕایگه‌یاندووه‌، فراكسیۆنه‌كانی دیکە دەست له‌ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان وەردەدەن. بەڵام ئه‌مان له‌گه‌ڵ چارەکردنی كێشه‌كه‌و هەڵبژاردنی یەک کاندیدی هاوبه‌شدان.

به‌گوته‌ی محه‌مه‌داوی، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی حه‌لبووسی پێشتر خستیه‌ڕوو تائێستە جێی گفتوگۆیه‌، كه‌ ئه‌ویش ڕێككه‌وتن یاخود سازشكردن له‌ ماف و شایسته‌كانه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێ ئه‌م پرسه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا چاره‌ بكرێت.

به‌بڕوای كه‌سایه‌تی سیاسی ئه‌یاد سه‌ماوی، هه‌وڵێك به‌ ئاراسته‌ی دووباره‌ كاندیدكردنی ژماره‌یه‌ك ناوی دیكه‌ له‌ ئارادایه‌، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 12ـی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌مواركردنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی یه‌ك ناگرێته‌وه‌، كه‌ ڕێگری له‌ قبووڵكردنی كاندیدی نوێ ده‌كات، چونكه‌ پرۆسەی دەنگدان پێشتر بە دوو دانیشتنی دەستووری دا ڕۆیشتووه‌، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر کاندیدکردنێکی نوێ پێشێلکاریی دەستووری و یاساییە، بۆیه‌ ئەگەر ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆش هەموار بکرێتەوە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت.