خالید عەباس: دەنگدانی ئەزموونیی لە 41 وێستگەی دهۆک بەڕێوە دەچێت

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی 12ـی ئەو مانگە هەڵبژاردنی ئەزموونی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەزموونیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە پارێزگای دهۆک 41 وێستگە بۆ دەنگدانی گشتی و دوو وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت دادەنرێت."

گوتیشی: ئامانجی سەرەکی لەو دەنگدانە ئەزموونییە، تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدانە پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک لە ئامێرەکان دروست بوو ئەوە پێش وەختە کێشەکە چارە بکەین، گوتیشی: فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن دەبنە دەنگدەر و دەنگدانێکی ئاسایی بەرێوە دەچێت. دواتر ڕێکارەکانی دیکە دەکرێت تاوەکو دڵنیا بین.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ تیمێکی تەکنیکی لە بەغدا دێتە دهۆک بۆ سەرپەرشتی و بەکارهێنانی ئامێرەکانی دەنگدان و هەروەها هەموو پێداویستییەکانی دەنگدانی ئەزموونی دابین کراوە و ڕۆژی شەممە ئامێرەکان دابەشی سەر وێستگەکانی دەنگدان دەکەین.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)