باقری: وەڵاممان بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت

عەلی باقری، سەرپەرشتی کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران
عەلی باقری، سەرپەرشتی کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران

سەرپەرشتی کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "وەڵاممان بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت". دووپاتیشی دەکاتەوە، "لە توانای ئیسرائیلدا نییە شەڕمان لە دژ هەڵبگیرسێنێت".

پێنجشەممە، 08-08-2024، عەلی باقری، سەرپەرشتی کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "وەڵاممان بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا دەبێت". دووپاتیشی کردەوە، "لە توانای ئیسرائیلدا نییە شەڕ لە دژمان هەڵبگیرسێنێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی ئوردن سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆ بووەوە. ئامانجێکی سەرەکی شاندەکە، کە "نامەیەکی ئەمەریکای پێ بوو" پەشیمان کردنەوەی تاران بوو لە هێرشەکردنە سەر ئیسرائیل. بەڵام بەرپرسانی ئێران هەر زوو دوای سەردانەکە، دووپاتیان کردەوە، سوورن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و "تەنبێ"ـی دەکەن.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی دەکەن، هێرشەکەی ئەم جارەی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەی مانگی نیسانی ڕابردووی فراوانتر بێت و لە چەند بەرەیەکەوە بکرێت، بە جۆرێک هەر یەکە لە حیزبوڵلای لوبنانی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، حووسییەکانی یەمەن و چەکدارەکانی حەماسیش بەشداربن لە هێرشەکەدا.

لەبارەی کاتی هێرشەکەی ئێرانیش، ژمارەیەک بەرپرسی کۆشکی سپی، بە پێگەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـیان ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکەن، لە 24 کاتژمێری داهاتوودا، هێرشەکە بە مووشەکی دوورمەودا بۆ سەر ژمارەیەک شوێن و پێگەی جیاوازی ئیسرائیل بکرێت.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

هەر چەندە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، هەنییە لە ڕێگەی بۆمبێکی چێندراو لە ژوورەکەیدا کوژراوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو لێداونانەی ڕەت کردەوە و گوتی، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکی کورتمەودا لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی هەنییە کراوە.

ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا بەرپرسیارێتیی کوشتنی هەنییەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سوپای پاسداران، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئەمەریکاش لە هێرشەکەدا هاوکارییانی کردووە.