دەستپاکی عێراق زانیاریی نوێ لەسەر دزیی سەدە ئاشکرا دەکات
بڕی ئەو پارەیەی کە لە بانکی رافیدەینی عێراق دزرا و بە دزیی سەدە ناوی دەرکرد، تا دێت زیاتر دەبێت. بەگوێرەی دوایین زانیارییەكانی دەستەی دەستپاكیی عێراق، پارەكە بۆ شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادی كردووە، بەڵام ئەندامێكی پێشووی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی حكوومەتی عێراق دەڵێت: پارەكە زۆر لەوە زیاترە و دەگاتە نزیكەی 12 تریلیۆن دینار.
سەرەتا، وا بڵاو کرایەوە، کە نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار دزراوە، بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی ئێستا لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بڵاو کراونەتەوە، دەرکەوتووە شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار دزراوە. بەڵام چاودێران دەڵێن، پارە دزراوەكە زۆر لەوە زیاترە و دەگاتە نزیكەی 12 تریلیۆن دینار.
سەعید یاسین، ئەندامی پێشووی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی دزراوە نزیکەی 12 تریلیۆن دینارە، بەڵام لایەنی بەرپرسیار جارێ نایەوێ زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات، ئەمەش بەهۆی کاریگەری لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانە.
ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی، دزیی سەدە ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاو کرایەوە بڕی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار لەو پارانەی بەناوی سپاردەی باجەکانەوە لە بانک دانراوە لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە ڕێگەی چەندین چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن کە سەرەتا ڕاگەیێندران.