ساسان عەونی بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک: هەر فەرمانگەیەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە گلەیی لێ بکرێت، دووچاری سزای کارگێڕی دەکرێتەوە

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپات لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوە،  هەموو توانا مرۆیی و کارگێڕییەکانیان لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری شارەکە و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری دهۆک و دەوروبەری بخەنەگەڕ، دەشڵێت: هەر فەرمانگەیەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە گلەیی لێ بکرێت، دووچاری سزای کارگێڕی دەکرێتەوە.

پێنجشەممە 8ـی ئابی 2024، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ فەرمانگەکانی شارەوانی، ئاو، شوێنەوار، نەخشەدانان و ئاوەڕۆی دهۆک کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجی سەردانەکەی بۆ شاری دهۆک ڕوونکردەوە کە مەبەستیانە لە نزیکەوە ئاگاداری ئاستی خزمەتگوزاریی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارووباری سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بێت.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێ دامودەزگە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان و شارەکان بکەن، لە ڕوانگەی ئەو سیاسەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێویستە وەکو چۆن پێشتر کاری باش کراوە، بۆ لەمەودوا دەبێت بە هەناسەیەکی نوێ و گڕوتینێکی زیاترەوە وەکوو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک خزمەتی زیاتری خەڵک بکەن و هەموو توانا مرۆیی و کارگێڕییەکانیان لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری شارەکە و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری دهۆک و دەوروبەری بخەنەگەڕ.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا،  بەمەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی کارەکانیان و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەکانی ڕاسپارد پێداچوونەوە بە پلانی کارکردنیان بکەن و ڕۆتین نەهڵێن و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان بکەن، هەر فەرمانگەیەکیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە گلەیی لێ بکرێت، دووچاری سزای کارگێڕی دەکرێتەوە.