ئەسیر شەرع: دەبێت لە مەترسی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق تێبگەین
K24 – هەولێر:
شارەزایەکی سیاسی، دەڵێت: سەرەتا دەبێت سەقامگیرییەکی سیاسی و ئەمنیی لە عێراق هەبێت ئینجا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکرێت لەو وڵاتە
ئەسیر شەرع، شارەزای سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داواکاری فەرمی حکوومەتی عێراق لە وڵاتەکەن، ئەو هێزانە کاتێک هاتوون کە عێراق لە بارودۆخێکی زۆر سەختی ئەمنیدا بووە.
ئەو شارەزا سیاسییە، دەڵێت: سەرەتا دەبێت سەقامگیرییەکی سیاسی و ئەمنیی لە عێراق هەبێت ئینجا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکرێت لەو وڵاتە.
باسی لەوەش کرد: زۆربەی گرووپە چەکدارەکان و بەرەی مقاوەمە لە عێراق تێکەڵی کاری سیاسی بوون، بەشە هەرەزۆری ئەوانەی ناسراون نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق جارێکی دیکە دەستیان بە جموجۆڵ کردەوە و هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەست پێکردووەتەوە.
دوایین هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە بووە هۆی برینداربوونی پێنج سەرباز، وەک هەمیشە ئەمەریکا ڕایگەیاند لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن وەڵامیان دەبێت، هاوکات داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات جڵەوی گرووپە چەکدارەکان بکات.
لە 17 تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو تا کۆتایی کانوونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە 150 هێرش لە عێراق و سووریاوە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، دواتر هێرشێکی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئووردن کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەرباز و برینداربوونی دەیانی دیکە، ئەمەش تووڕەیی ئەمەریکای گەیاندە لووتکە. لە تۆڵەی هێرشەکەدا بە فەرمانی جۆ بایدن، هێزەکانی ئەمەریکا 85 ئامانجی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریا بۆردومان کرد.