گەرمیان.. دوای بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەكان دەست پێدەكەنەوە

گەرمیان
گەرمیان

K24 – گەرمیان:

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو پرۆژە وەستاوانەی لە سنووری ئیداری گەرمیان کە دەبوو چەند ساڵێک لەمەوبەر لەسەر بودجەی پترۆدۆلار تەواو بکرابان و تەواو نەکراون و کارکردن تێیاندا وەستابوو، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کارکردن تێیاندا دەست پێدەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ناوچەکە هاوکات متمانەی زیاتر و راییکردنی کاروباری هاووڵاتییانیش لە فەرمانگە حکوومییەکان ئاسانتر دەکات.

ڕامیار عەبدولڕەحمان، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم بڕیارانەی کە دراون بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە بڕیارێکی باشی دەزانن، لە ئیدارەی گەرمیان 39 پرۆژە لە پترۆدۆلارەوە دەگەڕێتەوە سەر بودجەی پەرەپێدان، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە باشەکان.

بەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەستاوەکان و پێدانی دەسەڵاتی ئیداری و کارگێڕی زیاتر بە فەرمانگە حکوومییەکان بە تایبەتیش بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وا دەکات هاووڵاتییان زیاتر متمانەیان بە حکوومەتی خۆجێیی ناوچەکانیان هەبێت و هاوکات بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانیش هەلی کاری زیاتر لە ناوچە جیاجیاکان بێجیاوازی دابین دەکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە کرد. جیا لەوانەش، چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا ساز دا.

لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتیان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیازیان پێشكەش بە سەرۆكی حکومەت كرد.

سەرۆكی حکوومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی، جێبەجێی دەكات.

لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا.