هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان لەبارەی پرۆژەیاسای نەوت و گاز دەستپێدەکەنەوە

یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکان - وێنە: ئەرشیف
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکان - وێنە: ئەرشیف

K24 – بەغدا:

دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بەردەوامی هەیە و زیاتر لە ساڵێكە گفتوگۆكان لەبارەی پرۆژەیاساكە وەستاوە و پەرلەمانتارێکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان دەستپێدەكەنەوە.

پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، یەکێک بوو لە بنەماکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتەکەی سوودانی، زیاتر لە ساڵێکە گفتوگۆکان لەسەر ڕەشنووسی ئەم یاساییە وەستاون بەهۆکاری تەکنیکی و سیاسی.

پڕۆژە یاسای نەوت و گاز زیاتر لە ساڵێکە گفتوگۆ و هەنگاوەکانی نووسینەوەی ڕەشنووسەکەی بە تەواوی ڕاگیراوە، بە هۆکاری گرفتە تەکنیکی و بەربەستە سیاسییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەشنووسێکی تاک لایەنەی داڕشتووه و دەیەوێت بیسەپێنێت بە سەر هەرێمی کوردستان و  تەنانەت ئەو شارانەی دیکەش کە نەوتی تێدا بەرهەم دێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی حکوومەتە خۆجێیەکانی تری عێراق ڕەتیدەکەنەوە.

هاوکات حەیدەر شێخ، شارەزا لە بواری بە بازاڕکردنی نەوت بۆ کوردستان24 گوتی: یاسای نەوت و گاز بە هۆکاری سیاسی و تەکنیکی ڕاگیراوە، بڕوا ناکەم دەرچەیەکی یاسایی و هونەری بۆ چارەسەری بدۆزرێتەوە چونکە یەکێک لە قوڵترین ناکۆکییەکان کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانە لەگەڵ هەرێم و هەروەها شێوازی ئیدارەدان و داهاتەکانیەتی کە ئەستەمە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.

ماددەکانی 8 و 11 لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز زۆرترین گرفتی دروست کردووە کە تایبەتن بە دۆزینەوە و دەرهێنان و حەقدەستی کۆمپانیاکان و بە بازاڕکردنی نەوت، ئەمەش وا چاوەڕوان دەکرێت لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە تاوەکوو کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لە سەر دروست بێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ڕەنگە لە هەفتەی داهاتووەوە جارێکی تر وەزارەتی نەوتی عێراق دەستبکاتەوە بە گفتوگۆ و دانوستان بۆ داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاساکە.

لە ساڵی 2007ــەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە عێراق مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بەسەر جومگەی حووکمڕانی عێراق، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە، پەنجەی تۆمەتەکانیش بۆ دادگای فیدڕاڵی ئاراستە دەکرێن کە بووە بە داردەستی ئەو پێکهاتەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 5ـی ئاداری 2024، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق له‌میانی پانێڵێكی پێنجەمین دیداری رافیدەین به‌ سپۆنسه‌ری كوردستان24 رایگه‌یاند "سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز گفتوگۆمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە، زیاتر لە دانیشتنێکمان بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە هەولێر و بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی کارنامەی حکوومەتی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکەین".

حەییان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد: "رەشنووسەکه‌مان پێشتر ئامادەکردبوو، برایان لە هەرێم داوایان کرد، بڕگە بە بڕگە تاوتوێ بکرێت، زۆرێک لە بڕگە سەرەکییەکان تەواوکراون، بەڵام بەهۆی هاتنە پێشەوەی چەند رووداوێک گفتوگۆکان وەستان".