ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان: هیچ ئاوارەیەک بەهۆی ترسەوە کەمپەکانی جێنەهێشتووە
K24 – هەولێر:
ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕەتیکردەوە هیچ ئاوارەیەک بەهۆی ترسەوە کەمپەکانی جێهێشتبێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان وەکوو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
9ـی ئابی 2024، ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی مرۆیی لە کەمپی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و هەواڵی نادروست لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن سەبارەت بە بوونی حاڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوایە بەهۆی هەبوونی ترس کەمپەکە جێ دێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادروست و دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دژ بە بنەماکانی ڕاست و دروستی گواستنەوەی زانیارییە لە کاری رۆژنامەوانی.
ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەشکردووە: لە هەمان کاتیشدا سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکوو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دێڵێتەوە تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکاندا هاتووە: کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل و لێقەوماون و بە باشی پارێزراون، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردن و لێبوردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت.