سەرۆكایەتیی هەرێم: ده‌بێت هەمووان لە هەرێمی کوردستان پابەندی كولتووری یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان بن

لۆگۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

 K24- هەولێر:

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هيچ جۆرە پێشێلكارى و بێڕێزييه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر بير و بڕوا و ئايينێك، قبووڵكراو نیيە و سەركۆنەی دەكەین.

9ـی ئابی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو كاردانه‌وه‌يه‌كى فراوان به‌تايبه‌تى له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌رامبه‌ر به‌ لێدوانێکی نادروستی كه‌سايه‌تييه‌كى ئێزدى هاته‌ ئاراوه‌. لێره‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هيچ جۆرە پێشێلكارى و بێڕێزييه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ر بير و بڕوا و ئايينێك، قبووڵكراو نیيە و سەركۆنەی دەكەین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە هەمانكاتدا هه‌ڵه‌ى كه‌سێك له‌ هه‌ر ئايينێك بێت، نابێ به‌ هه‌ڵه‌ى هه‌موو په‌يره‌وانى ئايينه‌كه له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت، بۆيه‌ ده‌بێت هەموو لایەك پابەندی كولتووری یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بن و ڕێگە لە دروستبوونی گوتاری ڕق و كینە و نكۆڵیكردن بگیرێت.

هەروەها سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە: لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی، هەموو لایەكيش دڵنیا دەكەینه‌وه‌ كە هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە. هیچ پاساوێك بۆ نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتیان و  پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییيەكانی كوردستان قبووڵ ناكرێت.