ئەمەریکا؛ کوڕی گەورەبازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی مەکسیک خۆی ڕادەست کردووە
خواکین گوزمان لۆپێز، کوڕی پاشای ماددە هۆشبەرەکان "ئێل چاپۆ" خۆی ڕادەستی ئەمەریکا کرد، لە کاتێکدا پێدەچێت هاوبەشی پێشووی باوکی، ئیسماعیل "ئێل مایۆ" زامبادا، بە پێچەوانەی ویستی خۆی، ڕفێندرابێت.
هەردووکیان، زامبادا و گوزمان لۆپێز تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمەریکا ڕەت کردەوە و پارێزەرەکانیشیان باسی ناکۆکیان لەبارەی دەستگیرکردنەکەیانەوە کردووە.
پارێزەری زامبادا، ئاماژەی بەوە کردووە، گوزمان لۆپێز و شەش کەسی دیکە بە جلوبەرگی سەربازییەوە "بە زۆر زامبادایان لە نزیک کولیاکان پایتەختی ویلایەتی سینالوا ڕفاندووە و بە فڕۆکە بردوویانە بۆ ئەمەریکا" پارێزەری بنەماڵەی گوزمان لۆپێزیش ڕفاندنەکەی ڕەتکردەوە و گوتی: خۆی ڕادەست کردووە.
ئەو بارودۆخە نادیارەی کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی چەتەکانی سینالوا لە ئەمەریکا، وای لە سەرۆکی مەکسیک کرد ڕەخنە لە واشنتۆن بگرێت کە هاوکاری نەکردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هیچ سەرچاوەیەکی ئەمەریکی لە ڕادەستکردنەکەدا بەکار نەهێنراوە، نە فڕۆکەکە ئەمەریکی بووە نە فڕۆکەوانەکە، هەروەها فڕۆکەکەش لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە بەکرێ نەگیراوە".
باڵیۆزخانەکە باسی لەوەش کرد "ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەردوو وڵات"، ئەمە دەرئەنجامی کارکردنی زۆر وردە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریمان، ئێمەش وەک هاوبەش ئەم کارە دەکەین.