کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان نزیکە لە هەرەسهێنان
بەهۆی قەیرانی دارایی و گرانبوونی پێداویستییەکان، کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتووەتە بەردەم چارەنووسێكی داتەپیو، ئەوەی ئەرکی جوتیارانی قورس کردووە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، سەدا هەزار زیادی کردووە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئاستەنگییەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ، جووتیارانی گوندەکانی سنووری قامشلۆ ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار بوونەتەوە. سەختی دەستکەوتنی پێداویستییەکان و پەرەپێدانی کشتوکاڵی هێندە سەخت بووە، خەریکە جووتیاران دەست لە زەوییەکانیان هەڵگرن.
جووتیارەکان گلەیی لە دۆخەکە دەکەن و دەڵێن: ساڵ لەدوای ساڵ کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کورتی دەدات و سەرەڕای کەمی پێداویستییەکان، دەستی کاریش گران بووە.
جووتیاریک بە ناوی جێگر سەبری ئەحمەد، کە زەوی بێستانەکە هی خۆیەتی، دەڵێت: ساڵانە تەماتە، پیاز، باینجان و پەتاتە دەڕوێنین؛ بۆ ئەم ساڵیش تەماتە و باینجانمان داچاندووە. بەڵام ئەم ساڵ دەستحەقی کرێکار و نرخی سووتەمەنی زۆر بەرزبوونەتەوە، کاتێک بەرووبوومەکانیش دەبەینە بازاڕ بەهۆی زۆری تێچووی بەرهەمهێنانەوە نرخەکان بەرزن، بەڵام پارەیەکی ئەوتۆ ناکەن کە دەستمایەی خۆی بگرێتەوە".
دانیشتووانی گوندی ئۆمەرکێی قامیشلۆ کە زۆرینەیان بە کشتوکاڵ و جووتیارییەوە سەرقاڵن و بژێویان لەم ڕیگەیەوە دەست دەکەوێت، بەڵام بەهۆی گرانبوونی پێویستییەکان بەشێوەیەکی گشتیی قازانجیان زۆر لە کورتی داوە.
خالد حافز، جووتیارێکی خەڵکی گوندی ئومەرکێیە و دەڵێت: ئێمە بەرووبوومی سەوزەمان داچاندووە، ئەو داهاتەشی بە دەستمان دەکەوێت بەشی بژێوی خێزانەکانمان ناکات، چونکە دراوی سووری هیچ بەهایەکی نەماوە. جیا لەمەش ئەوەی بووەتە بارێکی قورس لەسەر شانی جوتیاران، بەرزی نرخی سووتەمەنییە، ساڵی ڕابردوو لیتری سووتەمەنی بە 400 بۆ 400 لیرەی سووری بوو، بەڵام ئەم ساڵ نرخی یەک لیتر گەیشتووەتە 4700 بۆ 5000 هەزار لیرە، ئەمەش لە توانای کەسدا نەماوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری ڕۆژهەڵاتیی سووریا بەهۆی شەڕ و خراپی دۆخی ئابوورییەوە کاریگەرییەکی خراپ و نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دروستکردووە و زیانێکی زۆریشی بە جووتیاران گەیاندووە، کاریگەرییەکان وایان کردووە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیی سووریا لە بەرهەمهێنەرەوە پاشەکشە بکەن و نزیک ببنەوە لە بەکاربەر، ئەمەش وا دەکات دۆخی ئابووری خراپتر ببێت و زیادبوونی هەژاری زیاتر ببێت.