نازم شەمەری: بەشێک لەلایەنەکانی کەرکووک نیازی خۆسەپاندنیان هەیە

ئەمینداری گشتیی دەستەی بۆچوونی عەرەبی لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئێمە داوامان کردووە حکوومەتی خۆجێیی بە ڕێککەوتنی هەموو لایەک پێک بهێنرێت و نابێت هیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت.

د. نازم شەمەری، ئەمینداری گشتیی دەستەی بۆچوونی عەرەبی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە داوامان کردووە حکوومەتی خۆجێیی بە ڕێککەوتنی هەموو لایەک پێک بهێنرێت، هەروەها هەر لایەنێک نوێنەری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە بەشداریی لە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بکات".

گوتیشی: کەرکووک دۆخێکی تایبەتی هەیە، هەروەها پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کاریگەری لەسەر سەقامگیری هەیە، بەڵام زۆر بەداخەوە بەشێک لەلایەنەکانی کەرکووک دەیانەوێت خۆ سەپێنانە لە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک کار بکەن و پارت و لایەنەکانی دیکە پشتگوێ بخەن.

نازم شەمەری ئاماژەی بەوەش دا، کۆمەڵێک هۆ هەن کە بەربەست دەخەنە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ئامانجەکانی گەلی کەرکووک، بریتین لە ئەو ململانێ سیاسییەیەی لە نێوان لایەنەکانی سنووری کەرکووک هەیە. واتە، ململانێکە لەسەر پۆستی پارێزگارە.

جەختیشی کردەوە، بەشێک لە پارتەکان نایانەوێت سیاسەتی ڕێککەوتن و هاوسەنگ لە نێوان پێکهاتەکاندا پەیڕەو بکرێت، دەیانەوێت بەشێک بەشداریی بکات و بەشێکیش پشتگوێ بخرێت و بەشداریی دەسەڵاتەکان نەکەن.

ئەمینداری گشتیی دەستەی بۆچوونی عەرەبی لە کەرکووک باسی لەوەش کرد، تا ئێستا ئێمە دانیشتنێکی هاوبەشمان نەبووە تاوەکو لەسەر بۆچوونێکی هاوبەش ڕێکبکەوین، هەمیشە ئەوەمان ڕەت کردووەتەوە کە پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن بەشێک لە پارتەکانەوە بێت و بەشەکەی دیکەش پەراوێز بخرێن.