باوکی زیندانییەکی ئیسرائیلی: تا زیاتر لە ڕێککەوتن نزیک ببینەوە، ناتانیاهۆ زیاتر تێکی دەدات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

باوکی زیندانییەکی ئیسرائیلی، لەلایەن حەماسەوە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر کرابوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە پووچەڵکردنەوەی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان تۆمەتبار کرد.

ناوبراو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئیسرائیل گوتی: هەرچەندە نزیک ببینەوە لە ڕێککەوتنی گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن، ناتانیاهۆ زیاتر تێکی دەدات، ئەویش بۆ ڕازیکردنی دوو وەزیر. ئاماژەی بە هەر دوو وەزیرە توندڕەوەی حکوومەتی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ و ئیتمار بن گڤیر کرد .

سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر قوتابخانەی تابعین لە گەڕەکی دەراج لە ناوەڕاستی شاری غەززە و بەپێی ئاماری تەندروستی غەززەش، 125 کەس کوژراون.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەوەی "بارەگایەکی سەربازیی سەر بە بزووتنەوەی حەماس"ی بۆمباران کردووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەپێی زانیاری هەواڵگریی، نزیکەی 20 تیرۆریستی حەماس و جیهادی ئیسلامی کە لە ناو ئەو قوتابخانەیە کاریان کردووە، لەناو بردووە".

بزووتنەوەی حەماس بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیدارەی ئەمەریکا هاوبەشی تاوانەکانە، گوتی: کۆمەڵکوژی قوتابخانەی "تابعین" لە گەڕەکی دەراج درێژەپێدەری "جینۆسایدی نازی-زایۆنی"یە لە دژی گەلی فەڵەستین.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کۆ دەکرێنەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی بەپەلە لەسەر غەززە، کە لە 15ـی ئاب، لە دۆحە یان قاهیرە، لای خۆیەوە ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، شاندی دانوستانکاری خۆی دەنێرێت بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و تەمیم بن حەمەد، ئەمیری دەوڵەتی قەتەر بەیاننامەیەکی سێ قۆڵییان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیان لەوە کردەوە کە کاتی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی زیندانیان و دەستگیرکراوەکانە.

لە بەیاننامە سێ قۆڵیەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و نابێت هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی زیاتر هەبێت.

ئەوان لە بەیاننامەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە وەک نێوەندگیر ئامادەن ئەگەر پێویست بوو، پێشنیازێکی کۆتایی بخەنەڕوو بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.