چەندان پرۆژهی خزمهتگوزاریی له سنووری هەولێر جێبەجێ دەکرێن
لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر به گوژمهی 14 ملیار دینار چەندان پرۆژهی خزمهتگوزاریی له سنووری هەریەک لە قەزاکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر جێبەجێ دەکرێن.
شەممە 10-8-2024، بەسەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئامادەبوونی مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگار و قایمقامەکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر و بەڕێوەبەرانی ناحییە و سەرۆک شارەوانییەکانی ئەو سنوورە و بهڕێوهبهری گشتیی شارهوانییهكان و لێژنە ناوچەکان و كارگێڕانی لقی24ی سەفینی پارتی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە بارەگای لقی 24ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ههولێر گوژمەی ( 14 ملیار دینار)ی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی ئاوهدانی له کەرتەکانی ئاو و كارهبا و ڕێگهوبان و قوتابخانه و بنكهی تهندروستی لە سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر لهسهر بودجهی پهرهپێدانی پارێزگا ڕاگەیاند و له ئاییندهیهكی نزیكدا دهست بە جێبەجێکردنیان دهكرێت.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئاسانکاریی زیاتری پرسەکانی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکارییە کارگێڕییەکان و خزمەتکردن و ڕێزگرتنی زیاتری هاووڵاتییان کرایەوە، کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر دەکەنەوە.
دواتر بەشێک لە پلان و بەرنامەکانى پارێزگاى هەولێرى بۆ ساڵى 2024، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدان بۆ ئامادەبووان لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێر خرانە ڕوو.