شۆخان شوانی: سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت لە کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید ئاگەدارمانی نەکردووەتەوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، ئێمە دەبوو لەلایەن سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنەکەوە، ئاگەدار بکرێینەوە کە ئەمڕۆ دانیشتمان هەیە، بەڵام ئەو بە شیوەیەکی هەڕەمەکی چەند لایەنێکی لەو دانیشتنە ئاگەدار نەکردووەتەوە
شەممە 10ـی ئابی 2024، شۆخان شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی سیستەم، دەبێت پێشوەختە بۆ هەر کۆبوونەوەیەک لە لایەن سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنەکەوە ئاگەدار بکرێینەوە. دەبوو ئاگەدارمان بکاتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەیە، بەڵام ئەو تەنیا چەند لایەنێکی ئاگەدار کردووەتەوە.
ئەو ئەندامە گوتی: بەپێی پەیڕەو بێت ئێمە ئاگەدار بکرێینەوە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، بەڵام هیچ ئاگەدارکردنەوەیەک نەهاتووە بۆ هیچ ئەندامێکمان، ئێمە بەشداریی ئەو دانیشتنە نابین.
دەشڵێت: دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەشداریی ئەو دانیشتنە بن، بە پێی ماددەی 35 بڕگەی 13 کە دەبێت سەرجەم نەتەوەکانی کەرکووکی تێدا بێت، تا ئێستەش ئەندامە عەرەبەکان دوو کەسیان لەوێن و چواریان نەڕۆشتوون، تورکمانیش بە هەمان شێوە وەک ئێمە ئاگەدار نەکراوەتەوە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە. ئیمە بە هیچ شیوەیەک بەشدار نابین کە بەفەرمی ئاگەدار نەکرێینەوە.
شۆخان شوانی ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی پێکهێنانی پارێزگاری کەرکووک بەردەوامە ئێمەش بەهیوان لە کاتی خۆی تا بەیانی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم ئێوارەیە دانیشتەکە بەو شێوەیە ناکرێت.