شێخ جەعفەر وردەکاریی ڕووداوەکەی 'قۆپی قەرەداغ' ئاشکرا دەکات؛ "داعش بوون"
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەکدارانەی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییان لە قۆپی قەرەداغ کوشت، "داعش بوون و هەوڵی لێدانی تونێلیان داوە".
ڕۆژی هەینی، 09-08-2024، لە قۆپی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، پێکدادان لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هێزە ئەمنییەکاندا رووی دا. لە ئەنجامدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و ئاساسیشی سلێمانیش ڕایگەیاند، چەکدارەکان سەر بە داعش بوون.
شەممە، 10-08-2024، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد، "چەکدارەکان سەر بە داعش بوون، پێش ڕووداوەکە خەریکی لێدانی تونێل و دروستکردنی حەشارگە بوون؛ مووەلیدە و ئازوخەشیان لەوێ دانابوو، دواتر ئەو شتانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا".
وەکو ئەوەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی کرد: "قۆپی قەرەداغ، شوێنێکی گەورە، سەختە و ئاوەدان نییە؛ نە ماڵی لێیە و نە کەسی لێ دەژیت، چەکدارانی داعشیش ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستووەتەوە و ویستوویانە تونێلێک دروست بکەن و بیکەنە شوێنی مانەوەی خۆیان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پێیان زانیووە و دواتر پێکدادان ڕووی داوە".
بە گوتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "داعش سوود لەو شوێنانە وەردەگرێت کە چۆڵن و بۆشایی ئەمنییان لێ هەیە، بەتایبەت شوێنە شاخاوییەکان؛ بۆیە قۆپی قەرەداغیان بۆ شوێنی مانەوەیان بەکار هێناوە و لەوانەیە شوێنی دیکەشیان لەنێو ئەو شاخەدا هەبێت". باسی لەوەش کرد، داعش چەندان شانەی نووستووی لە عێراق ماوە و ڕۆژانەش چەکدارەکانیان دەستگیر دەکرێن.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "مەحاڵە داعش جارێکی دیکە بتوانێت وەکو هێزێکی گەورە و کاریگەر سەرهەڵبداتەوە و شوێن داگیر بکات، بەڵام بە دانانی مەفرەزەی دوو، سێ کەسی دەتوانن لە هەموو شوێنێک جێگەی خۆیان بکەنەوە".