جەمال کۆچەر: دامەزراندنی فەرمانبەران لە عێراق ناڕێک و نەگونجاوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەهاوێشتووە بۆ گۆڕینی یاسای خانەنشینی، هەروەها لە بودجەی ساڵی 2023، 175 هەزار کەسی نوێ دامەزراون.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەهاوێشتووە بۆ گۆڕینی یاسای خانەنشینی، چونکە گۆڕینی یاساکە لە خولی ڕابردوو کراوە؛ ئەوەی هەیە تەنها بۆچوونی پەرلەمانتارانە.
جەمال کۆچەر گوتیشی: ئەو کات کە یاساکە گۆڕا دیراسەیەک کرا، کە ئەگەر تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە بکرێتە 61 ساڵ، ئەوە 300 هەزار هەلی کار دەرەخسێت. دەشڵێت: ئەو گەندەڵییەی لە عێراق هەیە کە لەهەر هەڵبژاردنێک فشار دەخاتە سەر وڵات، بۆ نموونە لە بودجەی ساڵی 2023، 175 هەزار کەسی نوێ دامەزراون، جا چ گرێبەستەکان کرابنە هەمیشەیی یان کەسانی تازە دامەزراون، ئەوەش وای لەو یاسایە کرد هیچ کاریگەرییەکی گەورەی نەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بۆچوونێک لەناو پەرلەمانتاراندا هەیە، جارێکی دیکە تەمەنی خانەنشینی بکەنەوە 63 ساڵی، لەبەر ئەوە ئەو هەنگاوە باشە و لە هەمانکاتدا خراپە.. باشیەکەی ئەوەیە ئەوەی تەمەنی 60ساڵییە هێشتا دەتوانێت خزمەت بکات، چونکە ئەو تەمەنە ستانداردە لەزۆرینەی وڵاتان بەو تەمەن خانەنشین دەبن، باشییەکی دیکەش ئەوەیە پارەی زیاتر دەچێتە سندوقی خانەنشینی، خراپیەکەشی ئەوەیە دەرفەتی کار دەوەستێت وەکو ئەوەی لە ساڵی 2024 دامەزراندن نەبووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەخساندنی دەرفەتی کار چ لە ڕێگەی کەرتی تایبەت بێت یان حکوومی ئەوە ئەرکی حکوومەتە، دەشڵێ: ئەگەر حکوومەت فاشل بوو دەرفەتی کاری لە ڕێگەی کەرتی تایبەت نەڕەخساند ئەوە دەرگەی دامەزراندن دەکاتەوە، بۆیە لێرە پرسیارێک دروست دەبێت ئایا دامەزارندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕێک بەڕێوە چووە؟ نەخێر، واتە ئەو ژمارەیەی فەرمانبەران کە هەیە لەپێویستی دەوڵەت زۆر زۆر زیاترە.