ئێران: ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامێکی تووند و جەرگبڕ دەبێتەوە
دەسەڵاتدارانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامێکی تووند و جەرگبڕی ئێران دەبێتەوە.
"ئیسرائیل رووبەڕووی وەڵامێکی تووند و جەرگبڕی ئێران دەبێتەوە" پێویستە ئیسرائیلییەكان تابووتەكانیان ئامادە بكەن".
ئەمانە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران بوون دوای كوژرانی ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆكی پێشووی حەماس لە تاران، تەنانەت میدیای ئەمەریکی بڵاویانکردەوە، عەلی خامنیەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی کردووە لە وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئەمجارە ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بکەنە ئامانج.
ئەمانە و چەندین لێدوان و ھەڕەشەی دیكەی بەرپرسانی ئێران، خەڵكی ناوچەكە و جیھانی خستە شڵەژانێكی زۆرەوە و سات بە سات چاوەڕێی شەڕێكی گەورە لە ناوچەكە دەكرا، بەڵام تاوەكو ئێستا ئێران ھیچ وەڵامێكی نەبووە و بە پێچەوانەوە، تازەترین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەن بە ھێوربوونەوەی دۆخەكە.
ئەمیر سەعید ئیروانی، نێردەی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، ئاگربەستێکی بەردەوام لە غەززە لە پێشینەی کارەکانیانە و هەر ڕێککەوتنێک کە حەماس قبوڵی بکات، لەلایەن تارانەوە قبوڵ دەکرێت، ئیروانی گوتیشی: وەڵامدانەوەی ھێرشەكانی ئیسرائیل و بەزاندنی سەروەریی خاكی ئێران بە مافی شەرعیی خۆمان دەزانین، بەڵام هیوادارین وەڵامدانەوەمان لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەک بێت کە زیان بە ئاگربەستی ئەگەری نەگەیەنێت.
ھاوكات، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: وڵاتەکەی لەگەڵ شەڕ و خوێنڕشتن نییە، بەپێچەوانەوە ئێران ئاشتیخوازە و بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت، گوتیشی، ئەگەر ئامانجەكانیان لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدیبێت، ئەوا دانوستان دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، دووپاتیشیكردەوە، دانوستان ئامرازێكە بۆ خەبات، دەبێت لەپێناو پاراستنی پرەنسیپی شانازی و كەرامەتەوە بێت، نەک بۆ زەلیل بوون و پاشەکشە لە ماف و پرەنسیپەکانن.