هەنجیری ئاکرێ هەناردەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و عێراق دەکرێت

هەنجیری ئاکرێ
هەنجیری ئاکرێ

هەنجیری ئاکرێ بەناوبانگە لە قەبارە و تام، ساڵانە زیاد دەکات و لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکی بۆ کڕینی هەنجی، دەچنە ئاکرێ.

لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان بەرهەمی هەنجیری ئەمساڵ پێگەیشتووە، بەڵام چەند ناوچەیەک هەن کە بەرهەمی هەنجیرەکەیان بەناوبانگە، یەکێک لەوانە هەنجیری ئاکرێیە، لەو دەڤەرە بۆ ئەمساڵ 260 هەزار بنەدار هەنجیر تۆمارکراوە، ئێستا بەرهەمەکەی خراوەتە بازاڕەوە و نرخەکەی بە نزیکەی پێنج هەزار دینارە بۆ هەر کیلۆیەک، سەرەڕای بەرزی نرخەکەی، هەنجیری ئاکرێ زۆرترین خواستی لەسەرە و هەناردەی چەندین پارێزگا و ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.

لە سنووری ئاکرێ 260 هەزار بنەدار هەنجیر چێندراون و نرخی کیلۆیەک هەنجیری ئاکرێ بە نزیکەی پێنج هەزار دینارە.

غیاس عوسمان جووتیارێکی قەزای ئاکرێیە و خاوەنی باغێکی گەورەی هەنجیرە و بەرهەمەکانی پێگەیشتووە و کاتی چنینەوەیەتی، بە گوتەی خۆی دەڵێت: ئەمساڵ بەرهەمەکانیان زۆر باش پێگەیشتووە و بە بەهایەکی باش دەیفرۆشنەوە.

دەشڵێت: لەبەر ئەوەی هەنجیری ئاکرێ لەڕووی قەبارە و تامەوە هەنجیرێکی تایبەتە و لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان بۆکڕینی هەنجیرەکە ڕوو لە ئاکرێ دەکەن و دەڵێت: لە بازاڕەکاندا خواستێکی زۆر لەسەر هەنجیرەکە هەیە، ئەوەش وا دەکات جووتیاران پتر گرنگیی بە باغی هەنجیرەکانیان بدەن.

فازڵ مستەفا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی: ئاکرێ خاوەنی 260  هەزار بنەداری هەنجیرە، پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیر لە ئاکرێ بگاتە نۆ هەزار تۆن.