شەپۆلێکی بە تینی گەرما عێراق دەگرێتەوە
پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەهێزی گەرما عێراق بگرێتەوە، کە دوای شەپۆلە بەهێزەکەی حوزەیرانی ڕابردوو، دەبێتە دووەم شەپۆلی گەرمای بەتین.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی پسپۆڕانی چاودێری کەشوهەوا، ئەو شەپۆلە گەرمایە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەگرێتەوە و کاریگەرییەکانی لە باشووری عێراق زیاتر دەبێت و مەزندە دەکرێت پلەکانی گەرما تاوەکوو 51 پلەی سیلیزی بەرز بێتەوە.
پسپۆڕانی کەشناسی پێشبینی دەکەن شەپۆلە گەرماکە تەنیا سێ ڕۆژ دەخایەنێت و چوارشەممەوە تاوەکوو هەینی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر هەیە کاریگەرییەکانی تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە هەر بمێنێت.
سەرەڕای هۆشداری لە دووەمین شەپۆلی بە تینی گەرما لە هاوینی ئەم ساڵدا، بە گوتەی پسپۆڕانی کەشناسی، هاوینی ئەم ساڵ کەشوهەوایەکی لە بار و گونجاوی هەبووە بەراورد بە هاوینەکانی دەیەی ڕابردوو.