بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک: بەنداوی باکرمان بەگوژمەی 400 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت

بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم، بایەخێکی زۆری بەژێر خانی ئابووری داوە، بەتایبەت سێکتەری ئاو. بابەتی بەنداوەکان زۆر گرنگە، ئەو کۆمپانیایانەی پرۆژەی بەنداوەکان جی بەجێ دەکەن نابێت لەکارکردن بوەستن تاوەکو تەواو دەبن.

فەرهاد محەممەد تاهیر، بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم، بایەخێکی زۆری بەژێر خانی ئابووری داوە، بەتایبەت سێکتەری ئاو، تاوەکو کەرتی ئاو باشتر بەڕێوە ببرێت و هەروەها ئاسایشی ئاویش دابین بکرێت.

گوتیشی: لە هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕمان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد، بۆ ئەوەی هەموو پرۆژەکانی ئەو بەنداوانەی کە لە کابینەی پێشوو تەواو نەکرابوون، تەواو بکرێن. دەشڵێت: ئێمە لەسنووری پارێزگای دهۆک سێ پرۆژەمان هەبوو، یەکێک لەوانە پرۆژەی بەنداوی خنس بوو کە بە گوژمەی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دینار تەواوکرا و ماوەی دوو وەرزە کەوتووەتە خزمەتی گشتی.

فەرهاد محەممەد، ئاماژەی بەوەش کرد "دوو پرۆژەی دیکەشمان هەبوو کە یەکێکیان لە سنووری قەزای ئامێدی بوو ئەویش پرۆژەی بەنداوی 'سپنادوو'ـە، هەروەها پرۆژەی بەنداوی 'گەلیە بەنداو' بوو کە لە قەزای سێمێلە و لە کۆتایی ساڵی 2022 دەستی بەکارەکان کرد، هەوڵیش دەدەین ئەو پرۆژەیە لەکاتێکی گونجاودا تەواو ببن و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵی و کۆمپانیایەکی تورکی جێ بەجێ دەکرێت".

بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک باسی لەوەش کرد، بابەتی بەنداوەکان زۆر گرنگە، بۆیە ئەو کۆمپانیایانەی پرۆژەی بەنداوەکان جی بەجێ دەکەن نابێت لەکارکردن بوەستن تاوەکو تەواو دەبن. ڕاشیگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دروست کردووە، تاوەکو دروستکردنی بەنداوی ستراتیجی لە چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەتی عێراقی جێبەجێ بکرێن. لەسنووری هەرێمی کوردستان کار لەسەر چوار بەنداو دەکرێت، یەکێکیش لەوانە بەنداوی باکرمانە لەسنووری دهۆک، کە بەگوژمەی 400 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت.