پیشانگەیەکی خۆشنووسی لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کرایەوە
11ـی ئابی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی خۆشنوسییە، مۆزەخانە وئەرشیفی پەردەوەردەی هەولێر بەم بۆنەیەوە چالاکییەکی تایبەتی لەنێو بازاڕی قەیسەری هەولێر ئەنجامدا، دوو هونەرمەند (یەحیا ئەربیلی و بان سەڵاح) بە هونەری خۆشنوسی و کاری دەستی و هێڵکاری و نەخشەڕێژی ورد بەشداریان کرد.
یەکشەممە 11ـی ئابی 2024، ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز لەنێو بەشە سوتاوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر، بە چالاکییەکی هونەری ڕۆژی جیهانی خۆشنووسی بەرز ڕاگیرا، یەحیا ساڵانێکە خۆشنووسە و لەو رۆژەدا بە بەرهەمەکانی هونەری دەست یادەکە بەرز ڕادەگرێت.
یەحیا خەتابی خۆشنووس گوتی: سەرەڕای ئەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر سووتا و ڕووخا، بەڵام ئێمە تا ئێستەش پێمان وایە ئەو بازاڕە هەروەک خۆیەتی و هیچی لێ نەهاتووە چونکە ئێمە بە ڕوح لەگەڵ بازاڕ و شارەکەین، ئێمە بەرامبەر شارەکە هەست بە بەرپرسیارییەتەکە دەکەین، پێمان خۆشبوو جوانی و لایەنی شارساتنیی هەولێر تێکەڵ بە کارە هونەرییەکانمان بدەین.
بەشە سوتاوەکەی بازاڕی قەیسەری بە چالاکی هونەری ئاوەدانکرایەوە،مۆزەخانەی پەروردەیی هونەری خۆشنووسی بە کەلتورێکی پەروەردەیی دەزانێت وگرنگی پێدەدات، تەکنەلۆژیا هۆکار بووە بۆ پەکخستنی ئەو هونەرە، بەڵام تەکنەلۆژیا هەرگیز ناتوانێت ڕۆڵی هونەری خۆشنووسی ببینێت، چونکە ئەوە هونەری دەستە .
شێرزاد رەسوڵ- مامۆستا، ئەرشیف دۆست دەڵێت: بەپێویستمان زانی ئەمساڵ لەو شوێنە، بۆ ئەوەی گیان بدەینەوە ناو بازاڕی قەیسەریی، پیشانگایەک بکەینەوە.
کارکردن لە بازاڕی قەیسەریی بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش وەرزی بارانبارین بە تەواوی نۆژەن بکرێتەوە و کاسبکاران دەرگای دوکانەکانیان بکەنەوە و ئاوەدانی بگەڕێتەوە بازاڕەکە کە بەشێکە لە مێژوو و شوێنەواری هەولێر.