ڕاکان جبووری: یەکێتی بەبێ ئاگاداری لایەنەکان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە
K24 – هەولێر:
ئهندامێکی ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك ڕایدهگهیهنێت: یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی هیچ لایەنێک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە و بەستنی کۆبوونەوەکە لە بەغدا هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێت.
ڕاکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: یەک پارت داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە داواکەریەکەیشی لە رێگەی مێدیاوە بووە، هیچ داواکاریییەکی نووسراو یاوخد فەرمی بۆ بەستنی کۆبوونەوەکە پێشكەش نەکراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: یەکێتی بەبێ ئاگاداری لایەنەکان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە و خشتەکانی کاری کۆبوونەوەکەشیان داناوە، لە هەمان کاتیشدا شوێنكیان لە بەغدا هەڵبژاردووە بۆ کۆبوونەوە، ئەمە پێچەوانەی یاسایە.
ناوبراو گوتیشی: کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەو کۆبوونەیەکی یاسایی نەبووە، پێچەوانەی ماددەیی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا تەنانەت ئەوانەی بەشداریی کۆبووەکەشیان کردووە پێشتر نووسراوێکیان واژۆ کردووە کە بەشداریی ناکەن چونکە کۆبوونەوەکە یاسایی نییە.
ڕاکان جبووری ئاماژەی بەوەش کردووە: یەکێتی هەموو کارەکانی بە نهێنی کردووە و پرس و ڕاوێژی بە هیچ لایەنێک نەکردووە، لەوەش خراپتر ئەم سیاستە کۆمەڵگەی پەرتەوازە کردووە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "بۆ یەکەم جارە ببینم کەسانێک لە جیاتی پێکاهەتەیەک بڕیار بدەن، لە دادگەی کارگێڕی سکاڵامان تۆمار کردووە و لە دادگەی فیدراڵێش بەهەماش شێوە سکاڵا تۆمارە دەکەین."
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.