عەلی مالەڵڵا: عەرەب و تورکمان لە ئیدارەدانی کەرکووک بێبەش کراون

عەلی مالەڵڵا، چاودێری سیاسی
عەلی مالەڵڵا، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی، دەڵێت: عەرەب و تورکمان پێیان وایە ئەمەی ڕوویداوە پێشێلکارێکی یاساییە و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن.

عەلی مالەڵڵا، چاودێری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەمەی دوێنێ شەو لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا ڕوویدا لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک، کاردانەوەی لێ کەوتەوە، لایەنی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بڕیارەکەیان ڕەت کردووەتەوە، چونکە پێیان وایە پەروازێز خراون.

ئەو چاودێرە سیاسییە، دەڵێت: لەبارەی کۆبوونەوەکەی شەوێ ڕابردوو ڕاکان جبووریش گوتی کە داوای نەکردووە کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵکو کۆبوونەوەکە لەسە داوای یەکێتی بووە.

ئاماژەی بەوە کرد: عەرەب و تورکمان گوتویانە ئەمەی ڕوویداوە پێشێلکارێکی یاساییە و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن، هەروەها داوا دەکەن کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت و هەموو لایەک ڕێکبکەون و هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت. عەلی مالەڵڵا، گوتی: عەرەب و تورکمان لە ئیدارەدانی کەرکووک بێبەش کراون.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.