جۆ بایدن: دۆناڵد ترەمپ مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت و ئاماژەی بەوەشکردووە: لە بەردەم خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدان.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ترەمپ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەیان لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدایە و ئەو بڕیارانەی دەیدەن چارەنووسی شەش دەیەی داهاتوو دەستنیشان دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "قسەکانمت لەبیر بێت، ئەگەر ئەو ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، سەیر بکە چی ڕوودەدات. ئەمە مەترسییە. ئەو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا. سەیرکە، ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانداین لە مێژووی جیهاندا".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بایدن باسی لەوەکرد: "ئەو بڕیارانەی لە سێ چوار ساڵی ڕابردوو داومانە و ئەو بڕیارانەی لە سێ چوار ساڵی داهاتوودا دەیدەین، ئەوە دیاری دەکەن شەش دەیەی داهاتوومان چۆن دەبێت و دیموکراسی کلیلە".

لە 21ـی تەمموزی 2024، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردەوە.

هاریس، لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی ئۆنلاینی دیموکراتەکانەوە کە پێنج ڕۆژی پێ چووە؛ توانیوی دەنگی لە 99%ـی نێردەی دیموکراتەکان بەدەست بهێنێت، بەمەش دەبێتە کاندیدی فەرمیی ئەو پارتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 6ـی ئابی 2024، مێدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و کاندیدای دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، تیم والتز، حاكمی ویلایەتی مینیسوتای بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاندیدا كردووه‌.

بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.