وردبینی دەستەی دەستپاكیی لە ناوی كاندیدان كۆتایی هات

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

وردبینی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی کوردستان لە كۆی ژمارەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان كۆتایی هات.

دووشەممە، 12-08-2024، سەرخێڵ هاش،  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق، دەستەی دەسپاكی لە بەرواری 6/8/2024، دوای ئەوەی بەشی دووەمی ناوی كاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە دەست گەیشت و لەسەر بنەمای مەرجەكانی خۆپاڵاوتن كە كۆمسیۆن دیاری كردووە كە نابێ‌ كاندید زیندانی كرابێت واتا "حوكم" درابێت لەسەر یەكێك لە تاوانەكانی گەندەڵی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەمڕۆ 12/8/2024 دەستەی دەسپاكی لیستی وردبینی لە لیستی دووەمی ناوەكان تەواو كردووە و بە نووسراوی فەرمی رەوانەی كردووەتەوە، بەو پێیەیش وردبینی دەسپاكی لە كۆی ژمارەی كاندیدەكانی هەڵبژاردن بە كۆتا هات".

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، 100 کورسین؛ 95ـیان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون. دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکان:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

ژمارەی دەنگدەر و وێستگەکانی دەنگدان

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن. 

بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 266 ناوەند و شەش هەزار و 318 بنکەی دەنگدان ئامادە کراون؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، 165 ناوەند و 749 بنکەی دەنگدان لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادە کراون.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.