قه‌حتان وه‌نداوی: یه‌كێتی قه‌یرانی بێمتمانه‌یی كه‌ركووكی قووڵتر كرده‌وه‌

قه‌حتان وه‌نداوی، سه‌رۆكی لقی كه‌ركووكی به‌ره‌ی توركمانی
قه‌حتان وه‌نداوی، سه‌رۆكی لقی كه‌ركووكی به‌ره‌ی توركمانی

سه‌رۆكی لقی كه‌ركووكی به‌ره‌ی توركمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سكاڵایه‌كی فه‌رمیان له‌ دادگه‌ی فیدراڵی عێراق و سكاڵایه‌كی دیكه‌یش له‌ دادگه‌ی كارگێڕی له‌ دژی هه‌نگاوه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی تۆمار كردووه‌؛ ده‌شڵێت "گه‌لی توركمان هه‌ڵوێستی ده‌بێت."

دووشه‌ممه‌، 12ـی ئابی 2024، قه‌حتان وه‌نداوی، سه‌رۆكی لقی كه‌ركووكی به‌ره‌ی توركمانی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، ئیداره‌ی نوێی كه‌ركووك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌تایبه‌تی مادده‌ 13ـی ئه‌م یاسایه‌ پێك هێنراوه‌، بۆیه‌ به‌ره‌ی توركمانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دان به‌و ئیداره‌یه‌دا نانێت.

قه‌حتان وه‌نداوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ره‌ی توركمانی دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی كه‌ركووك، هیچ پۆستێكی كارگێڕی وه‌رناگرێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، قه‌یرانی متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركووك هه‌بوو و چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد متمانه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی قه‌یرانه‌كه‌ی قووڵتر كرده‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی به‌ره‌ی توركمانی گوتشی، ئه‌مڕۆ سكاڵایه‌كی فه‌رمیان له‌ دادگه‌ی فیدراڵی عێراق و سكاڵایه‌كی دیكه‌یش له‌ دادگه‌ی كارگێڕی تۆمار كردووه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی توركمان، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چه‌ندان كێشه‌ی دیكه‌ بۆ كه‌ركووك.

شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.

لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، زیاتر لە 40 پۆستی گرنگ بە تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک دراون، لە بەرامبەردا تەنها شەش پۆست بە پێکهاتەی کورد، کە زۆرترین دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی بەدەست هێناوە، دراون.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای