فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: رێکارەکانی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک نایاساییە

کەرکووک
کەرکووک

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: ئاگاداریی ئەو کۆبوونەوەیە نەبووین کە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەن و حکوومەتی خۆجیی کەرکووک ئەنجامدرا، بۆیە دانیشتنەکە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەین.

دووشەممە 12ـی ئابی 2024، هەریەک لە حەسەن مەجید ڕەشید، شۆخان حەسیب حوسێن لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنن، ڕۆژی 10ـی ئاب لە هۆتێل ڕەشید لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بە ناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوان وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوەک بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوونەو ئاگاداریش نەکراونەتەوە، دەڵێن: ئاگەدار نەکردنەوەیان پێچەوانەی ماددەی  7ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراوە ، بۆیە رێکارەکانی گرێدانی ئەو دانیشتنە بەنایاسایی لەقەڵەم دەدەن.

ئەو ئەندامانەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا دەکەن پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەن و حکوومەتی خۆجیی کەرکووک بەشێوەیەکی یاسایی بەرێوەبچێت .