گوتەبێژی ئاکپارتی: داوای چاککردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکەین

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی - وێنە: AA
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئاکپارتی ڕایگەیاند: ئەوان شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک بە ڕاست نابینن کە پارتی و تورکمانەکان و بەشێک لە عەرەبەکان لە دەرەوەی پێکهاتەی هەڵبژێردراون.

12ـی ئابی 2024، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ڕایگەیاند: شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک بە ڕاست نابینن و بەهۆی ئەو دۆخەی یەکێتی دروستی کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکانی لە دەرەوەی پێکهاتەی هەڵبژێردراون.

چەلیک ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە سیاسەتێکمان دەوێت لە عێراق کە هەموو لایەک لەخۆبگرێت و هیچ لایەنێک لە دەرەوە نەهێڵێتەوە، لێرەدا یەکێتی دۆخێکی جیاوازی خوڵقاندووە و تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی دیموکراتی کوردستانی لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە جێهێشتووە.

گوتەبێژەکەی ئاکپارتی گوتیشی: ئێمە سیاسەتێکی لەو شێوەیە بە دروست نابینین. ئەمە سیاسەتێکی هەڵەیە بۆ عێراق و کەرکووکیش. سیاسەتی بێبەشکردنی تورکمانەکان و بەشێک لە عەرەبەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵەیە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عومەر چەلیک باسی لەوەکرد: هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ ئەم چوارچێوەیەدا ناگونجێت. ئێمە ئەم دۆخە بە دروست نابینین و قبوڵی ناکەین، پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ پاراستنی هەموو لایەنەکان ئەگەر نا، کێشەی دیکەش ڕوودەدەن.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.