بەرەی تورکمانی: سبەینێ خۆپیشاندانێکی فراوان لە کەرکووک دەکەین
K24 – کەرکووک:
بەرەی تورکمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: دوای ڕەتکردنەوەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی و هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکی، ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی میدیایی بوونەتەوە و جەختیش دەکەنەوە، ڕۆژی سێشەممە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان ڕێکدەخەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرەی تورکمانی دووپاتی کردووەتەوە کە خۆیان بە بەرگریکاری پێکهاتەی تورکمانی دەزانن و ئەو شەرعیەتییەشیان لە خەڵکی خۆیانەوە وەرگرتووە و باسیان لەوەشکردووە: کێشەی ئەوان سنووردرا نییە بە پۆستێک و ئامانجێکی کەسییەوە، بەڵکوو بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانیان دەکەن.
بەرەی تورکمانی ئەوەشی ڕەتکردووەتەوە: ئەوان پەنا بۆ بەکارهێنانی زمانی ناشرین نابەن و هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان.
هاوکات بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە، سبەینێ سێشەممە (13ـی ئابی 2024) کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان بۆ ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە بارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک، ڕێکدەخەن.
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.