عومه‌ر ناسر: عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی باهۆزی شه‌ڕی غه‌ززه‌دایه‌

عومه‌ر ناسر، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار
عومه‌ر ناسر، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار

سیاسه‌تمه‌دارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌ندێك ئه‌جێندای ده‌ره‌كی هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت كێشه‌كان له‌ناو عێراق قووڵتر بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ده‌یانه‌وێت عێراق له‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ بگلێنن.

دووشه‌ممه‌، 12ـی ئابی 2024، عومه‌ر ناسر، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ كاتێكی مه‌ترسیدار تێ ده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ وا ده‌كات هه‌ندێك گرووپی به‌رگریی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ دروست ببن و خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن.

عومه‌ر ناسر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ دوای ساڵی 2003ـوه‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ عێراق زیاد بوو و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی كه‌وته‌ ژێر كۆنترۆڵی وڵاتان، ته‌نانه‌ت كار كرا بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق تێك بده‌ن و درزی گه‌وره‌ بخه‌نه‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی باهۆزی شه‌ڕی غه‌ززه‌دایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ گرووپه‌كانی "موقاوه‌مه‌" ئاماده‌ییان له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا هه‌یه‌.

ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار گوتیشی، حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمیدا له‌ باره‌ی شه‌ڕی غه‌ززه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بیر ده‌كاته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ ده‌كات.