شۆڕش ئیسماعیل و سیهاد بارزانی خاڵەکانی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران بەسەردەکەنەوە

وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە و ژمارەیەک لە پێشمەرگەی فەرماندەیی پشتیوانی یەک
وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە و ژمارەیەک لە پێشمەرگەی فەرماندەیی پشتیوانی یەک

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، چەند خاڵێکی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران بەسەردەکەنەوە.

12ـی ئابی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک سەردانی بارەگایی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەکی کرد لە حاجی ئومەران، لەلایەن فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەییەکە پێشوازییان لێکرا.

لەمیانی ئەو سەردانەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، لەنزیکەوە سەردانی ژمارەیەک خاڵی پێشمەرگەیی ئەو فەرماندەییەکان لە سنووری حاجی ئۆمەران بەسەر کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری پێشمەرگە، بەگرنگەوە باسی لە توانای هەموو ئەفسەران و پێشمەرگەی فەرماندەیی پشتیوانی یەکـی کرد کە هەمیشە قارەمانانە لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی خاک و ئاڵای کوردستاندان لە هەر ناوچەیەکی ئەم نیشتمانەدا بووبن توانیویانە ئارامی و سەقامگیری خەڵک و خاکی کوردستان بپارێزن.

لەو سەردانەدا، هەریەکە لە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و لیوا توانا سەدیق حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی و لیوا بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، یاوەری وەزیری پێشمەرگە بوون.