مەلا بەختیار: خانەقین کراوەتە قوربانی کەرکووک و ڕێککەوتن کراوە کورد لەوێ هیچ پۆستێک وەرنەگرێت

مەلا بەختیار
مەلا بەختیار

K24 - هەولێر:

مه‌لا به‌ختیار بۆ كوردستان24 ڕایگەیاند: خانەقین کراوە بە قوربانیی کەرکووک، مانەوەی رێبوار تەهاش لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک تاوەکوو ئێستا ڕوون نییە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئێكسی کوردستان24، مەلا بەختیار ڕایگەیاند، لە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک غەدر لە خانەقین کراوە، ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی لەوێ هیچ پۆستێک بە کورد نەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە؛ خانەقین کراوە بە قوربانیی کەرکووک، مانەوەی ڕێبوار تەهاش لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک تا ئێستا ڕوون نییە، چونکە لایەنە سیاسییەکان ڕەتیان کردووەتەوە.

بەرنامەی ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24 پەخش دەکرێت و کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، مەلا بەختیار لە بەرنامەی ئێكس لەگەڵ دۆخی کەرکووک، باس لە چەند تەوەرێکی گرنگ و هەستیاری ناوخۆی یەکێتی و دۆخی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکات.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.