نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی مردنی دەیان هەزار کەس لە سوودان دەکات
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری لەوپەڕی خراپیی دۆخی سوودان دەدات و ڕایگەیاندووە کە دۆخی سوودان لە لێواری هەرەسهێنانێکی کارەساتبار و پێشبینی مردنی دەیان هەزار کەس دەکرێت، بەڵام دەشتوانرێت ڕێگری لە کارەساتەکە بکرێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی داوە، برسییەتی و لافاو بوونەتە بەشێکی دیکەی ئەو مەینەتی و ئاڵنگارییانەی بەرۆکی چەندان ملیۆن کەسی خەڵکی ئەو وڵاتەکەی گرتووەتەوە، کە بەهۆی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی شەڕی ناوخۆییەوە تەشەنەی کردووە. ڕەنگە ئەوەی لە سوودان هەیە بە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا هەژمار بکرێت.
عوسمان بەلبیسی، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە "ئەگەر شەڕ ڕانەگیرێت و ئەو سنووردارکردنەی لەسەر گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان هەڵنەگیرێت، ئەم بارودۆخەی هەیە بەردەوام دەبێ و بەرەو خراپتر دەچێت".
هەروا هۆشداری داوە "بەبێ وەڵامدانەوەی خێرا و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، بە دڵنیاییەوە لە چەند مانگی داهاتوودا، دەبینە شاهێدی مردنی دەیان هەزار کەس، چونکە دۆخی مرۆیی سوودان لە لێواری هەرەسهێنان و ڕوودانی کارەساتێکی گەورەیە".
لە نیسانی 2023 ـەوە شەڕو پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان دەقلو و هێزەکانی عەبدولفەتاح بورهان لە سوودان تاوەکوو ئێستاش هەر بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تا ئێستا دەیان هەزار لە خەڵکی سڤیل و چەکدارانی هەردوو بەرە کوژراون، ئەمە جیا لەوەی سەرتاسەری وڵاتەکەی تووشی ئاوارەیی و برسێتی و بڵاوبوونەوەی چەندین قەیران کردووەتەوە.
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی داوە، بەهۆی شەڕ و لافاوەوە تەنیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر 45 هەزار کەس ئاوارە بوون و زیاتر لە 38 هەزاریان لە سنوورەکانی پەڕیونەتەوە وڵاتانی دراوسێ.
بە گوتەی تۆم پێریلۆ. نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوودان، بڕیارە لەسەر پێشنیازی وڵاتەی لەم هەفتەی بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆیی سوودان و چارەکردنی دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە لە سویسرا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە بچیت.
نێردەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاندووە، ڕەنگە سبەینێ چوارشەممە بەشێک لە شاندی سوودان بگەنە سویسرا.