عەمبارێکی گەورەی ئاو لە هەسارەی مەریخ دۆزراوەتەوە

هەسارەی مەریخ، وێنە: "ڕۆیتەرز"
هەسارەی مەریخ، وێنە: "ڕۆیتەرز"

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، توێژەران بەڵگەیان لەسەر بوونی عەمبارێکی گەورەی ئاو لەژێر زەویی هەسارەی مەریخدا دۆزیوەتەوە، کە بەسە بۆ پڕکردنەوەی زەریاکانی سەر ڕووی هەسارەکە.

ئاژانسی هەواڵی"پی ئەی مێدیا"ـی بەریتانی، بڵاوی کردووەتەوە "بە گوێرەی داتاکانی "ئینسایت"ـی سەر بە ئاژانسی ناسا، زاناکان مەزەندەی ئەوەیان کردووە، کە ڕەنگە بڕی ئاوی ژێر خاکی هەسارەی مەریخ بەس بێت بۆ داپۆشینی تەواوی ڕووی هەسارەکە".

بەڵام شارەزایان دەڵێن: پێناچێت ئەو ئاوە سوودێکی ئەوتۆی هەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەداهاتوودا لەوێ بژین.

ئەم عەمبارە، دەکەوێتە درز و کونیلە بچووکەکانی ناو بەردەکانی ناوەڕاستی هەسارەکە، لە قووڵایی نێوان 11.5 بۆ 20 کیلۆمەتر لە ژێر خاکی مەریخ، لە کاتێکدا تەنانەت لەسەر زەویش هەڵکەندنی چاڵێک بە قووڵیی یەک کیلۆمەتر، زۆر قورسە.

ڤاشان ڕایت، مامۆستای یاریدەدەر لە دامەزراوەی سکریپس بۆ ئۆقیانووسناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان دیێگۆ، دەڵێت: تێگەیشتن لە سوڕانەوەی ئاو لەسەر مەریخ زۆر گرنگە" و خاڵی دەستپێکی بە سوودە بۆ دیاریکردنی ئەوەی لە کوێ و چەند ئاو هەیە.

زانایان، چەندین کەشتیی ئاسمانی و پشکنەریان بۆ مەریخ ناردووە، تاوەکو بزانن چی بەسەر ئەو ئاوەدا هاتووە کە نزیکەی سێ ملیار ساڵ لەمەوبەر لەسەر هەسارەکە هەبووە، هەروەها بزانن ئایا ژیان لەسەر هەسارەکە هەیە، یاخود پێشتر هەبووە؟.