وەزارەتی تەندروستی: ڤاکسینی کاریگەر بۆ ڕێگریی لە تووشبوون بە هەوکردنی جگەری جۆری B، بەردەستە

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ڤاکسینی کاریگەر بۆ ڕێگریی لە تووشبوون بە هەوکردنی جگەری جۆری B، بەردەستە، هەرچەندە پێویستە هاووڵاتییان خۆیان لەو نەخۆشییە بپارێزن.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە "هەوکردنی جگەری جۆری B، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە لە جگەردا و ئیتر هەوکردنەکە کورتخایەن بێت یان درێژخایەن.

دەڵێت: لە حاڵەتە کورتخایەنەکاندا لەوانەیە نەخۆشەکە هیچ نیشانەیەکی نەبێت، یاخود هەندێک نیشانەی سووکی هەبێت وەکو زەردوویی (زەردبوونی پێست و چاو)، ماندوێتی، سکچوون و ئازاری سک، لە کاتێکدا زۆرێک لە نەخۆشەکان لە ماوەیەکی کورتخایەندا چاک دەبنەوە؛ بەڵام دەکرێ هەندێ کجار نەخۆشییەکە درێژە بکێشێت و نەخۆشەکە تووشی ئاڵۆزی توندتر بێت وەک بە بەمۆمبوونی جگەر (Cirrhosis) و شێرپەنجەی جگەر کە دەکرێت کوشندە بن.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ خوێن و شلەی جەستەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی گواستنەوەی دایکەوە بۆ منداڵ لە کاتی منداڵبوون، جووتبوونی سێکسی بێ پارێز، دووبارە بەکارهێنانەوەی سرنج و دەرزی پیسبوو، یان لە ڕێگەی هاوبەشکردنی دەرزی یان کەلوپەلی دیکەی ماددە هۆشبەرەکانەوە ڕوو بدات.

دەشڵێت: خۆشبەختانە پێکوتە (ڤاکسین)ی سەلامەت و کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە هەوکردنی جگەری جۆری B بەردەستە،  هەروەها پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی دیکە بگرێنە بەر کە بریتین لە ئەنجامدانی سێکسی پارێزراو، دوورکەوتنەوە لە دووبارە بەکارهێنانەوەی سرنج و دەرزی، و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی دروست، بەتایبەتی دەستشۆردن دوای هەر بەرکەوتنێک لەگەڵ خوێن یان شلەی جەستە.