عەلی تەتەر: ئامێدی ئاوەدان دەکرێتەوە و ناوچەکە لە شەڕ دوور دەخرێتەوە
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە لە ئامێدی، بەو پرۆژانە خەڵکەکە دەگەڕێنینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ناوچەکە لە شەڕ دوور دەخەینەوە.
سێشەممە 13ـی ئابی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەدەستێکی پڕ هاوکاریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی هاتووینەتە ئامێدی، گوتی: سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ جێبەجێ کردنی چەندین پرۆژە لە ئامێدی. ڕێکارەکانیان تەواو دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت. گوتیشی: دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکەین، هیچ کێشە و ئاڵۆزییەکی ناوچەکە، لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە نامانوەستێنێت.
عەلی تەتەر دەڵێت: باوەڕمان وایە دەستکەوت و پرۆژە و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ ناوچەکە جێبەجێ دەکرێن. ئەوانەشی لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە، کە ژمارەیان 130 کەسن، قەرەبوو دەکرێنەوە. دەشڵێت: قەرەبووکردنەوەی ئەوان ئەرکی ئێمەیە، هیوادارین ئەو شەڕە کۆتایی بێت کە بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەکە ئاوەدانی پێ نەگات، لەوانەش دوسکی ژوورێ، ڕێکان، نێروە، خەڵکیش ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، عەلی تەتەر گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی، لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوچەکە ئاوەدان دەکەنەوە و خەڵکەکەش دەگەڕێنەوە.
پارێزگاری دهۆک گوتی: سەرۆک بارزانی زۆر بایەخی بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە دەدات بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دەشڵێت: بە سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ قەزای ئامێدی، چەندین پرۆژەی ئاوەدانی گەیشتە ناوچەکە و خزمەتی هاووڵاتییان.