نووری مالیكی: چوارچێوەی هەماهەنگیی هیچ نیازێکی بۆ قۆرخکردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نییە

نوری مالیکی
نوری مالیکی

نووری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: چوارچێوەی هەماهەنگیی هیچ نیازێکی بۆ قۆرخکردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نییە و چەندین جار دەستپێشخەرییان بۆ چارەکردنی قەیرانەکە کردووە.

نوری مالیکی لە پەیامێکدا دەڵێت: سووننەکان ڕازیی بوون  کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێشکەش بکات و وەزارەتێک بە بەرەی دیکە بدات، بەڵام تا ئێستە هیچ ناوێکیان یەکلا نەکردووتەوە.

نزیکەی نۆ مانگ بەسەر دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگەی فیدراڵییەوە تێدەپەڕێت، تا ئێستە پەرلەمان بێ سەرۆکە و ڕۆژ بە ڕۆژیش قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە.

سووننە و شیعە یەکتر بە پەکخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان قورخکردنی دەسەڵاتی یاسادانان تۆمەتبار دەکەن.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بێدەنگیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە هەمبەر ئەو پرسە شکاند و دەڵێت: سووننەکان لە نێو خۆیان ڕێکنەکەوتوون، چێوارچێوەی هەماهەنگیی هیچ نیازێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەسەڵاتی پەرلەمان نییە.

نوری مالیکی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت:قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان قووڵ بووتەوە و جێگەی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە و شایەنی ئەوەیە هەڵوەستەی جیددی لەسەر بکرێت.

پەرلەمان دامەزراوەیەکی هەستیار و چالاکە، پێویستە دەستەیەکی تەواوی سەرۆکایەتیی هەبێت، چونکە هەر سێ دەسەڵاتە سەرەکیەکەی وڵات دەبێت بە ڕێكوپێکی و بێ کێشە کارەکانیان ڕایی بکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە "بەهۆی ناکۆکیی لەسەر بەربژێرانی سەرۆکایەتی ڕێک نەکەوتن، هەرچەندە بوونی ڕای جیا شتێکی ئاساییە، بەڵام بەربژێران بوونە هۆی درووستبوونی لێکترازان لە نێوان پێکهاتەکاندا".

مالیکی دەشڵێت: چوارچێوەی هەماهەنگیی نایەوێت دەست بەسەر سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بگرێت. لە وەڵامی سوونەکانیش دەڵێت: ئێمە ڕژدین لەسەر ئەوەی هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە و بۆ چارەکردنی ئەم قەیرانە، چوارچێوەی هەماهەنگیی چەندین جار لەگەڵ پێکهاتەی سووننە کۆ بووەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە ئاماژەیەکی ناڕاستەخۆدا هۆی قەیرانەکەی خستە ئەستۆی سوننەکان و گوتی: سوننەکان ڕازی بوون ئەوەی بەربژێر بۆ سەرۆکایەتی پێشكەش بکات دەستبەرداری وەزارەتێک ببێت لە بەرژەوەندی بەرەی دیکەدا.

لە درێژی قسەکانیدا ڕایشیگەیاند: تا ئێستە سووننەکان هیچ ناوێکیان پێشکەش نەکردووە و ئامادەی کۆبوونەوەی دووەم نەبوون.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نوری مالیکی جەخت دەکاتەوە، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەداین سەرۆکێکی نوێ لە نێو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام پێکهێنانی بەرەی زۆینە باشترین چارەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و تێپەڕاندنی قەیرانەکە.