حوسێن سەباح ئۆغلو: بڕیارەکانی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ڕەت دەکەینەوە

حوسێن سەباح ئۆغلو، سەرۆکی پارتی دادی تورکمانی
حوسێن سەباح ئۆغلو، سەرۆکی پارتی دادی تورکمانی

سەرۆکی پارتی دادی تورکمانی دەڵێت: ئەوەی لەسەر کەرکووک ڕوویدا قەبوڵکراو نییە و سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی دادگاین.

سێشەممە 13ـی ئابی 2024، حوسێن سەباح ئۆغلو، سەرۆکی پارتی دادی تورکمانی بۆ کوردستان24، دوا و گوتی: هەڵوێستی بەرەی تورکمانی عێراق ڕوونە و تەواوی بڕیارەکانی هۆتێلی ڕەشید ڕەت دەکەینەوە. ئێمە لەوێ نەبووین، ئەوەش دژی یاسای هەڵبژاردنە. دەبوایە ئەو کۆبوونەوەیە لە کەرکووک کرابایە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەموویان داوەت نەکرابوون، لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراقیش لەوێ ئامادە نەبوو.

گوتیشی: ئەو بڕیارە دژی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنە، بۆیە ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە، هیوادارین سکاڵاکەمان ئەنجامی باشی هەبێت، دەمانویست ڕێککەوتنێکی گشتگیر هەبێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئەوەی پەیڕەو نەکرد، دەبوو هەموو لایەنەکان بەشداری کۆبوونەوەکە بن.

سەرۆکی پارتی دادی تورکمانی دەڵێت: دەمانەوێت ئاسایش بەرقەرار بێت و ئەو جۆرە بڕیارانە وا دەکات، متمانە لەنێوان پێکهاتەکان نەمێنێت. سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دانی بە هەڵەکانی خۆیاندا نا لەو کاتەی کە یەکێتیی لە دانانی پارێزگار پێشێلکاریی بەرامبەر ئێمە کردووە، ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت لە کەرکووک، قبوڵ کراو نییە.

گوتیشی: ڕێگە نادەین کەسێک لە بری ئێمە بڕیار بدات، پێویستە بەشدار بین لە ئیدارەی کەرکووک، وەک ئەوە باس لە مافی ئێمە دەکەن، دەڵێی خێرمان پێ دەکەن، با جارێک پارێزگار لە تورکمان بێت.