ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر 750 کارتۆن دەرمانی قاچاغدا دەگرێت
هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر 750 کارتۆن حەبی ئەمۆکسلینی قاچاغ و دەرمانی خۆ لاوازکردندا گرتووە، دکتۆرێکیش دەڵێت: مەترسیی ئەو دەرمانانە زۆر لە تەقینەوەیەک زیاترە.
سێشەممە 13ـی ئابی 202، هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە دوو چالاکیدا دەستییان بەسەر سەدان کارتۆنی دەرمان لە حەبی ئەمۆکسلین و خۆ لاوازکردندا گرتووە کە هەوڵ دراوە ساغ بکرێتەوە، هەوڵیش دراوە دەرمانی خۆ لاوازکردن بە شێوەی ئۆنڵاین بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت.
ئەو دەرمانەی دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکەی 750 کارتۆنی ئەمۆکسلینە کە ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵیان پێوە نییە و قاچاغن.
دکتۆر گۆڤەند ڕەوەند، بەپرسی چاودێریی دەرمان بۆ کوردستان24 گوتی: دوای ئەوەی هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێک دەرمان ئاگەداری کردینەوە، دوای پشکنینی بەرهەمەکان، دەرکەوت دەرمانەکان ئەمۆکسلینی ئێرانینە کە نۆرینگە لا کۆڵانەکان ساغی دەکەنەوە. لەنێو ئۆتۆمبیلێکدا 750 کارتۆنی تێدا بووە، لەگەڵ دوو هەزار پاکەتی چای ماچە بۆ لاواز بوون کە لە خوارووی عێراق ساختە کراوە.
ئەو دکتۆرە دەڵێت: بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، پێویستە هاووڵاتی دەرمان لە دەرمانخانەکان بکڕێت، چونکە ئەو دەرمانانە لە تەقینەوە مەترسیدارترن تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار کەسیان تووشی نەخۆشی گورچیلە و دڵ و گەدە کردووە.