ڕۆیشتنی تیمی یونیتاد لە عێراق، کۆسپ دەخاتە بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند "تا ئێستا تەرمی سەدان هەزار قوربانی لە سەرتاسەری عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون". دەشڵێت: گۆڕە بە کۆمەڵەکان تەرمی قوربانیانی ململانێ یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیان تێدایە؛ لەوانە جینۆسایدی کوردان کە لە ساڵی 1988 سەدام حوسەین  کردی و ئەو کوشتارانەی لەلایەن داعشەوە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 کراون.

سێشەممە، 13ی ئابی 2024، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند "تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش 'یونیتاد'، کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017ەوە دامەزراوە بۆ بەڵگەکردنی تاوانەکانی داعش لە عێراق ، پشتگیریی 'لە فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان' و 'بەشی پزیشکی دادوەری' کەسەر بە حکوومەتی عێراقین کرد و 67 گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵداوەتەوە، کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە. بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2023، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ئەرکی یونیتاد بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ کرایەوە، واتە لە ئەیلوولی 2024دا کارەکانی ڕادەگرێت".

سارا سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: گۆڕە بەکۆمەڵەکان بیرهێنانەوەیەکی پڕ لە ئازارە بۆ توندوتیژییەکانی مێژووی عێراق. هەڵدانەوەیان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت کەسوکاری قوربانییەکان هیوایەکیان هەبێت بە دادپەروەری و برینەکانیان سارێژ ببێت. گوتیشی: خەڵک مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی ئازیزانیان بزاننن.

ناوەندی ستراتیجیی مافی مرۆڤ لە عێراق مەزەندە دەکات گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەو وڵاتەدا پاشماوەی 400 هەزار کەسی تێدا بێت، عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە زۆرترین ژمارەی ونبووەکانی تێدایە؛ بەشێوەیەک، ژمارەیان لە نێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، کە پێدەچێت زۆرێکیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەخاک سپێردرابن.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند "پێویستە حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ناسینەوەی قوربانییەکان، گەڕاندنەوەی پاشماوەکان بۆ خێزانەکانیان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست بەخاک بسپێردرێن، هەروەها وەفاتنامەیان بۆ دەرنهێنرێت و قەرەبووی خێزانەکان، بەپێی داواکاری یاسای عێراق بکرێتەوە".

زیا کەریم تەعمە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بە هیومان ڕایتس وۆچی ڕاگەیاندووە "لە ساڵی 2003ەوە بەرپرسان 288 گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵداوەتەوە". گوتیشی: تا ئەوکاتەی تۆمارێکی نیشتمانیی یەکگرتوومان نەبێت، هیچ ڕێگایەکمان نییە بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون.

لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2023، یونیتاد یارمەتی دەسەڵاتدارانی عێراقی دا بۆ هەڵدانەوەی 1237 تەرمی قوربانیانی کۆمەڵکوژی سپایکەر، کە داعش 1700 سەرباز و قوتابی سەربازگەی سپایکەری کوشت، ئەوانەی لە نێوان 12 بۆ 14ـی حوزەیرانی 2014 لە ئەکادیمیای ئاسمانی تکریت هەڵاتبوون. هەروەها ڕاپۆرتەکەی یونیتاد لە مانگی حوزەیرانی 2024دا بنەمایەکی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بڵێین کۆمەڵکوژییەکە بە مەبەستی جینۆساید کراوە، کە دەکاتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.

لە 28ـی ئایاری 2024، دەسەڵاتدارانی عێراق و یونیتاد ڕایانگەیاند، کە دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی چاڵەکەی عەلو عەنتەر، کە گۆڕێکی بەکۆمەڵە لە قەزای تەلەعفەر، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای موسڵەوە دوورە و پێدەچێت تەرمی زیاتر لە هەزار کەسی تێدا بێت، داعش لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 ئەو چاڵەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی تەرمەکان فڕێ بداتە ناوی.

بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 17ی ئەیلول بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکانی یونیتاد لە عێراق، ترسی ئەوە هەیە دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بۆشاییە پڕنەکەنەوە کە یونیتاد بەجێی دەهێڵێت.

پیاوێک کە ڕووفاتی باوکی و براکەی و دوو مامی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە باشووری شنگال دۆزرایەوە، بە هیومان ڕایتس وۆچی گوت: تاکە هیوای ئێمە وەک قوربانی و ڕزگاربووان یونیتاد بوو، کاتێک ئەوان دەڕۆن، شتەکان خراپتر دەبن، دڵنیا نین لەوەی حکوومەتی عێراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەبێت کە یونیتاد بەجێی دەهێڵێت.

تەعمە باسی لەوەش کرد: بێگومان کاتێک یونیتاد دەڕوات، بۆشایییەک دروست دەبێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕیاری خۆی دەرکردووە کە ئەرکی تیمەکە بەسەرچووە، بۆیە دەبێت پلانێکی بەدیلمان هەبێت.