خالید جبووری: جیاوازیی لە نێوان ناوچە سوننەنشینەکان دەکرێت

ئەنبار
ئەنبار

هێزه‌ سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی ئه‌نبار له‌دژی گه‌نده‌ڵییه‌كانی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی پارتی ته‌قه‌دوم دێنه‌ ده‌نگ و ڕایده‌گه‌یه‌نن "حه‌لبووسی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار دەهێنا و ئێستەش ڕێگه‌ نادات كه‌سی دیكه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی دابینشێت". كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی ئه‌نباریش ڕایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ساڵی 2018 حه‌لبووسی پارێزگاری شاره‌كه‌ بووه‌، گەندەڵی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆربه‌ی به‌رپرسانی پارێزگاکەش تۆمەتبارن بە گەندەڵی و لە زینداندان، هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ش سه‌ره‌داوی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی كراون ده‌رده‌كه‌ون".

به‌شێك له‌ دانیشتووانی ئه‌نبار و سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ئه‌و شاره‌ له‌دژی گه‌نده‌ڵییه‌كانی سه‌رۆكی پارتی ته‌قه‌دوم و ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان دێنه‌ ده‌نگ و دەڵێن: ئه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌ماوه‌ی حوكمڕانیی به‌ناوی پێكهاته‌ی سوننه‌وه‌ کردوویەتی، ته‌نها جیاكاریی بووه‌ له‌نێوان پارێزگا سوننه‌كاندا و ته‌نها چاوی له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی خۆی و ئه‌نبار بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناكۆكی قووڵی هێزه‌كانی ئه‌نبار له‌باره‌ی قۆرخكردنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارته‌كه‌ی حه‌لبووسییه‌وه‌، حه‌مید ئه‌لهایس، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ڕزگاریی ئه‌نبار دەڵێت: سه‌رۆكی پارتی ته‌قه‌دوم، مافی پێكهاته‌ی سوننه‌ی بۆ نمایشی سیاسیی خۆی له‌ناو حكوومه‌تدا به‌كارهێناوه‌، هه‌رچی بووه‌ بۆ خۆی بردوویه‌تی و میلله‌تی تاڵان كردووه‌. ترسی له‌وه‌یه پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ حه‌لبووسی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ تێك ده‌دات كه‌ یاری تێدا ده‌كرێت.

هاوكات، موهه‌ند ڕاوی، كه‌سایه‌تی سیاسی شاره‌كه‌ ده‌ڵێت: حه‌لبووسی له‌ساڵی 2018ەوە، كاتێك بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ پارێزگاری ئه‌نباربووه‌ ته‌نها له‌ دوورەوە‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ دەبرد. ڕاوی، هەروا دەڵێت: لە ساڵی 2018ـه‌وه‌ گەندەڵی لە ئەنبار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆرینەی بەڕێوەبەرانی بەشە سەرەکییەکانی پارێزگاکەش تۆمەتبارن بە گەندەڵی و لە زینداندان، دوای ئەوەی حەلبووسی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بەجێهێشت، په‌یتا په‌یتا سه‌ره‌داوی گه‌نده‌ڵییه‌كانی له‌ ئه‌نبار به‌ده‌ركه‌وتن و به‌شی زۆریشیان ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ خالید جبووری، له‌ گردبوونه‌وه‌یەکی عه‌شایه‌ری باشووری مووسڵ ڕایگه‌یاندووه‌ "حه‌لبووسی له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی نه‌ینه‌وادا گرت و به‌و هۆیه‌وه‌ 8 كورسی نه‌ینه‌وای برد، كه‌چی هیچ شتێكی پێشكه‌شی خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌كرد، به‌جۆرێك حه‌لبووسی ته‌نها سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌نباره‌ و جیاوازیی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ سوننییه‌كانی دیكه‌ ده‌كات و تائێستا نه‌ینه‌وا  له‌ڕووی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ وێرانکراوەكان هیچی بۆ نه‌كراوه‌.