بێکاریی لە تورکیا گەیشتووەتە لووتکە
مانگی حوزەیران ڕێژەی بێکاریی لە تورکیا زیادی کردووە و 234 هەزار کەسیتر بێکار بوونە، کۆی گشتیی ژمارەی بێکاران لەو وڵاتە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 305 هەزار کەس.
دەستەی ئاماری تورکیا ئامارەکانی تایبەت بە بێکاریی بۆ مانگی حوزەیران بڵاو کردەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی بێکاری بۆ ئەو مانگە زیادی کردووە.
ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 85 ملیۆن و 372 هەزار و 377 کەسن. هاوکات کۆی گشتیی بێکاران، سێ ملیۆن و 305 هەزار کەسن.
بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە مانگی حوزەیراندا 234 هەزار کەسی بێکار زیاد بوونە، هاوکات ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێژەی بێکاری لە مانگی حوزەیران لە سەدا 0.7 زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەدا 9.2. بێکاریی گشتگیریش لەو وڵاتە بوو بە لەسەدا 29.2.
لەبارەی ماوەی کارکردنیش دۆخەکە جیاواز نییە لەوانی دیکە و ماوەی کارکردن بۆ هەفتەیەک بۆ 44 کاتژمێر بەرزبووەتەوە. بێکاریی لە پیاوان لەسەدا 7.6ـە، لە ئافرەتانیش لەسەدا 11.3ـیە. هاوکات لەناو گەنجاندا لەسەدا 17.6ـە. لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی کارکردن زیادی کردووە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ماوەی کارکردن لەسەدا 44ـە، لە پیاوان لەسەدا 45.7 و لە ئافرەتانیش لەسەدا 40.3ـیە.
دۆخی ئابووریی تورکیا پشتی بە دانیشتووانی ئەو وڵاتەدا چەماندووە، هەڵاوسان لەسەدا 61.78ـە، سنووری هەژاریی لەو وڵاتە بۆ خێزانێکی چوار کەسیی گەیشتووەتە هەزار و 840 دۆلار. هەرچەندە حکومەت باس لە باشتربوونی دۆخی ئابووری دەکات بەڵام ئایندەی سیاسەتی ئابووریی حکومەتی تورکیا ناڕوونە.