ئایدن مەعرووف: پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک ڕەت دەکەینەوە

ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ڕاگەیاند، ئەوەی لە کەرکووک کرا پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی تێکدا و کاریگەری لەسەر ڕەوشی شارەکە دەبێت.

ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک ڕەت دەکەنەوە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە، چونکە تورکمان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی کەرکووک پشتگوێخراوە.

هاوکات گوتیشی: ئەوەی لە کەرکووک کرا پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی تێکدا و کاریگەری لەسەر ڕەوشی شارەکە دەبێت.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.